گەنجێکی دەستپاک لە شارەزوور

چوار ملیۆن دیناری دۆزییەوە و رادەستی خاوەنەكەی كردەوە

+964
بڕوا مەجید – شارەزوور

گەنجێكی شارەزوور بە ناوی بەرهەم ئەرسەلان لە كارمەندی كۆمپانیایەكە لە نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ، بڕی چوار ملیۆن دیناری دۆزییەوە و هەر ئەمڕۆ رادەستی خاوەنەكەی كردەوە، بەمەش نموونەیەكی بەرزی مرۆڤانە و دەستپاكی پێشان دا.

ئەمڕۆ پێنجشەمە 18.12.2025 لەناو نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف بەگ، هاوڵاتییەکی قەزای شارەزوور بڕی چوار ملیۆن دیناری دۆزییەوە و دواتر گەڕاندییەوە بۆ خاوەنەكەی.

بەرهەم ئەرسەلان، چاودێرە لە کۆمپانیای گەردین لە نەخۆشخانەكە، بۆ 964 وتی “بەیانی ئەمڕۆ لەناو نەخۆشخانەکە مەبلەغێک پارەم لەناو زەرفێکی سپیدا دۆزییەوە، دواتر کارگێڕیی نەخۆشخانەکەم ئاگادار کردەوە کە ئەو پارەیەم دۆزیوەتەوە، لەکەڵ هاوڕێیەکم پارەکەمان ژمارد نزیکی چوار ملیۆن دیناری عێراقی بوو،”

ئەوەشی وت، “کاتژمێرێک دواتر هاوڵاتییەک پەیوەندی پێوەکردم گوایە پارەکە هی ئەوە، دوای ئەوەی هاتە لامان و چەند ناونیشانێکی پارەکەی وت، ناونیشانەی دروست بوو، راستەوخۆ  پارەکەم پێدایەوە، كە زۆر دڵخۆشبوو بە دۆزینەوەی پارەکەی، چونكە خۆی پارەكەی بۆ مەبەستی نەشتەرگەری چاوی هەڵگرتبوو”.

بەرهەم نموونەیەكی جوانی مرۆڤانە و دەستپاكی پێشان دا و داوا لە هەموو كەسێكیش دەكات، كە ئەمانەت پارێزبن و ماڵی كەس بە كەس حەڵاڵ نییە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

سێ كیلۆ بە هەزار دینارە و ئەگەر پارەشت نییە بەلاش بیبە

سێ كیلۆ بە هەزار دینارە و ئەگەر پارەشت نییە بەلاش بیبە