نەشتەرگەرییەکەیان سەرکەوتوو بووە

یەکەمین کاروانی تووشبووانی تالاسیمیا گەڕانەوە

ژێوار خدر

دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک و مانەوەیان بۆ ماوەی نزیکەی 100 رۆژ لە دەرەوەی وڵات، یەکەمین کاروانی تووشبووانی تالاسیمیا بە سەرکەوتوویی گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و گەیشتنەوە ناو خێزانەکانیان.

وەزارەتی تەندروستی رایەگەیاند، ئەم کاروانە لە سێ نەخۆش پێکهاتبوون و پاش وەرگرتنی چارەسەر گەڕاونەتەوە، لە ئێستادا 172 هاوڵاتی دیکە کە لە نەخۆش و بەخشەر و یاوەری نەخۆش پێکهاتوون، لە دەرەوەی وڵاتن بۆ هەمان مەبەست و سەرجەم خەرجییەکانی مانەوە، پشکنین و نەشتەرگەرییەکەیان لەسەر ئەرکی حکومەت بۆ دابین کراوە.

دەشڵێت، پرۆسەی ناردنی نەخۆشانی تالاسیمیا بەردەوامی هەیە و دوای ناردنی چوار کاروانی پێشوو، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا کاروانی پێنجەمی تووشبووان و یاوەرەکانیان بەڕێ بکرێن،ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی نەخۆشانی تالاسیمیا لە رێگەی چاندنی مۆخی ئێسکەوە لە نەخۆشخانە پێشکەوتووەکانی دەرەوەی وڵات.