بەهۆی مەترسی خلیسکان و رژانی گازەوە
لەگەڵ یەکەم دڵۆپە باران سایدی هاتنەخوارەوەی تونێلی دەربەندیخان دادەخرێت
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
فلکەی “پەری دەریا” لە خوار تونێلی دەربەندیخان بووەتە مۆتەکە بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر، تەنیا لەمساڵدا 21 رووداوی وەرگەڕانی تێدا تۆمارکراوە.
جاسم مەحمود، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، لە کۆی 54 رووداوی هاتووچۆ کە لەمساڵدا لە سنوورەکە روویانداوە، 21 رووداویان تەنیا لەم فلکەیە بووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شۆفێران بە خێرایی لە تونێلەکە دێنە خوارەوە و کۆنترۆڵ لەدەست دەدەن.
دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر تەنکەرێکی دیکە لەو شوێنە وەرگەڕا و گاز و رۆنێکی زۆر رژایە سەر شەقامەکە، تیمەکانی شارەوانی دەستیان بە خاوێنکردنەوەی کردووە، بەڵام مەترسییەکە بەردەوامە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆ دەڵێت، پلانیان داناوە لەگەڵ دەستپێکردنی بارانی ئەمڕۆ، راستەوخۆ ئەو سایدەی شەقامەکە دادەخەن کە لە تونێلەکەوە دێتە خوارەوە، چونکە بەهۆی پاشماوەی رۆن و گازەوە زۆر مەترسیدار دەبێت، بۆیە هاتوچۆ دەگوازرێتەوە بۆ سایدەکەی دیکە و دەکرێتە دوو ئاڕاستە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین جار داوایان کردووە ئەندازەی ئەو شەقامە دەستکاری بکرێت و چارەسەر بکرێت، دیزاینیشی بۆ کراوە، بەڵام تا ئێستا بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر