زیانى دوو ملیۆن دۆلاریان پێگەیشتووە

کەناڵى زووم سێ مەرج بۆ کردنەوەى کەناڵەکە دەخاتەڕوو

964+

ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر داخستنی کەناڵی ئاسمانیی (زووم)، ململانێیەکی توند دەکەوێتە نێوان بەڕێوەبەری کەناڵەکە و بەشێک لە کارمەندەکانی. لە کاتێکدا کارمەندەکان بەڕێوەبەرەکەیان تۆمەتبار دەکەن بە پشتگوێخستنی کردنەوەی کەناڵەکە لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی، بەڕێوەبەری کەناڵەکەش دەڵێت ئامادە نییە بێ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە گەورەیەی لێیان دراوە دەست بە پەخش بکاتەوە.

هێمن مەحمود، بەڕێوەبەری کەناڵی زووم سەبارەت بە چارەنووسی دەزگاکەیان بە 964ـى راگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان سێ مەرجیان هەیە، کە بریتین لە: قەرەبووکردنەوەیان، گەڕاندنەوەی باڵەخانەکەیان و رادەستکردنەوەی کەلوپەلەکانیان.

بەڕێوەبەری زووم ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی رووداوەکانی 22ی ئابی 2025ـەوە زیانی دوو ملیۆن دۆلاریان لێدراوە و نوێنەرایەتی وڵاتانی دەرەوەش ئاگاداری ئەو “تاڵانییە”ن کە بەرامبەر دەزگاکەیان کراوە. ئەو دەڵێت: “ئیمتیازێکی زۆرم خرایە بەردەم کە چیم بوێت بۆم بکەن تا زوومیان رادەست بکەم، بەڵام قبوڵم نەکرد. هەرکاتێک قەرەبوویان کردینەوە و شوێن و کەلوپەلەکانیان داینەوە، ئینجا بە ئازادانە کار دەکەینەوە.”

ئەم قسانەی بەڕێوەبەری زووم دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک رۆژنامەنووس و تەکنیککار و کارمەندی کەناڵەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بۆ رای گشتی و کونسوڵخانەکان بڵاوکردەوە و تێیدا بێزاری خۆیان لە مانەوە لە چاوەڕوانیدا دەربڕی.

کارمەندانی زووم لە راگەیەندراوەکەیاندا هێرشیان کردە سەر بەڕێوەبەرەکەیان و رایانگەیاند: “بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، لە دوای راگرتنی پەخشی زوومەوە دەرفەت هەبووە بۆ دەستپێکردنەوەی کەناڵەکە، بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندی و دەستکەوتی کەسی کراوەتە بنەمای چارەسەر. بەڕێوەبەری کەناڵەکە نەیویستووە یان نەیتوانیوە دەرفەتەکان بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دەیان کارمەند بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.”

هەروەها ئەو کارمەندانە رەتیان کردووەتەوە ببنە بەشێک لە “ململانێی حزبی، گەمەی سیاسی و ئەجێندای دەزگا هەواڵگرییەکان”، بەفەرمیش دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە زووم راگەیاندووە و دەڵێن: “لەمەودوا بەڕێوەبەری زووم ناتوانێت بەناوی داکۆکیکردن لە ئێمەوە لێدوان بدات، چونکە ئێمە لەو دەزگایە بەردەوام نابین و ئازادین لە کوێ کار دەکەین.”

لە وەڵامی ئەم بەیاننامەیەدا، هێمن مەحمود بەڕێوەبەری کەناڵەکە وتی: “کارمەندانی کەناڵەکە کوڕی باشن و مافی خۆیانە کاری خۆیان بکەن. من هەر لە یەکەم کۆبوونەوەدا پێم وتوون لە کوێ کار دەکەن ئازادن، بەڵام من بەڕێوەبەری کەناڵەکەم، تەنیا من نوێنەرایەتیی زووم دەکەم و بەو جۆرەش دەکرێتەوە کە خۆم دەمەوێت.” جەختیشی کردەوە ئەو قسانەی لەگەڵ کونسوڵخانەکان کردوویەتی تەنیا لەپێناو بەرگریکردن بووە لە کەناڵەکە و کارمەندەکانیش.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح