خورماتوو هەڵمەتێکی بۆ سەوزەفرۆش و بەنزین فرۆشانی سەرپێچیکار دەستیپێکردووە
ئەوانەی لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا کارەبا و شەقامیان داگیرکردبوو دەرکران
سیروان خورشید – خورماتوو
ماوەی دوو رۆژە تیمە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و شارەوانیی خورماتوو، کەوتوونەتە وێزەی ئەو کاسبکارانەی سەر رێگەی کەرکوک – بەغدا شەقامەکەیان داگیرکردووە، قایمقامیش دەڵێت، سزای دارایی دراون و بێنەوە دەستگیر دەکرێن.
زولفەقار حەیدەر، قایمقامی دوزخورماتوو بە 964ـی راگەیاند، هەڵمەتەکە بۆ لادانی ئەو زیادەڕۆییانەیە کە کراونەتە سەر شەقامی سەرەکیی ناو شارەکە، چونکە بەشێک لەو کاسباکارانە کە سەوزەفرۆش و بەنزین فرۆشن، چەندین مەتر هاتوونەتە پێشەوە و بوونەتە هۆکاری رووداوی هاتوچۆ.
وتیشی، کێشەکە تەنیا داگیرکردنی شەقام نییە، بەڵکو بەشێک لەو کاسبکارانە بە شێوەی نایاسایی کارەبایان لە ستوونەکانی رووناکی راکێشاوە، بۆیە هەموویان سزای دارایی دراون و ئاگادار کراونەتەوە ئەگەر بگەڕێنەوە، ئەمجارە رێکارەکە توندتر دەبێت و دەستگیر دەکرێن، هەڵمەتەکەش بەردەوامی دەبێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر