"خانووی کرێيش دەست ناکەوێت"
نرخی خانووبەرە لە دوزخورماتوو بۆ دوو هێندە و زیاتریش بەرزبووەتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
نرخی خانووبەرە لە قەزای دوزخورماتوو بۆ دوو هێندە و زیاتریش بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک لەئێستادا کەم کەس دەتوانێت خانوو یان زەوی بکڕێت، سەرەڕای ئەوەش ژمارەی دانیشتووانی قەزاکە تادێت زیاتر دەبێت.
هیوا غالب بەڕێوەبەری شارەوانی خورماتوو بە 964ـی وت، “هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە بۆ ئەوە دەگڕێتەوە، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا تونراوە بە رێژەیەکی زۆر باش پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ بکرێت، تەنانەت بەشێک لەو گەڕەکانەی بێ تاپۆشن، خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئارامی و سەقامگیری شارەکە، بەشێکی زۆری ئەو خێزانانە گەڕاونەتەوە کە لە ساڵانی رابردوودا قەزاکەیان جێهێشتبوو”.
“لە خورماتوو زیاتر لە حەوت هەزار خانوی بێ تاپۆ هەیە و بڕیارە لە شەش مانگی داهاتوودا هەموویان تاپۆ و سەنەدیان بۆ بکرێت”، هیوا غالب وای وت.
سەلاح گلی خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەیە لەخورماتوو، ئەو بە 964ـی وت، “دۆخی بازاڕی خانووبەرە لەچاو رابردوو زۆر جیاوازە، لەئێستادا ئەو خانووانەی کە تاپۆ نەکراون نرخەکانیان هاوتای نرخی خانووە تاپۆکان بووەتەوە، هاوکات قەیرانێکی سەختی خانووی کرێ هەیە و بە ئەستەم خانووی کرێ دەست دەکەوێت”.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر زەوییەک لە ساڵی 2020 بە 10 ملیۆن دینار بووبێت، ئێستا نرخی بۆ زیاتر لە 25 ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە، بەهەمان شێوە خانوویەکی 25 ملیۆن دیناری جاران، نزیکەی 65 ملیۆن دینار دەکات.
بەپێی ئامارێکی وزارەتی پلاندانانی عێراق کە هەفتەی رابردوو بڵاویکردەوە، ژمارەی دانیشتووانی خورماتوو جگە لە ئامرلی، گەیشتووەتە 147 هەزار و 216 کەس، کە 8.30٪ـی دانیشتووانی پارێزگای سەڵاحەدین پێکدێنێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری