"نرخی یەک کیلۆمەتر بە 300 دینار دەبێت"
بەهۆی دۆخی سیاسی و گرژییەکانەوە جێبەجێکردنی سیستمی تاکسی میتەر لە سلێمانی دواکەوتووە
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
پرۆژەی دانانی مێتەر بۆ تەکسییەکانی سلێمانی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و تاوەکو ئێستا 85%ی رێکارەکانی تەواو بووە، کە وا دەکات کێشەی دیاریکردنی کرێ لە نێوان شوفێر و هاوڵاتییاندا نەمێنێت و نرخەکان جێگیر بکرێن.
ئازاد ئەحمەد محەمەد، سەرۆکی سەندیکای شوفێرانی لقی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، سێ کۆمپانیا ئامادەییان نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی مێتەر، ئاماژەی بەوەش کرد کە سیستمی مێتەر لە ساڵی 2023وە کاری لەسەر دەکرێت و لە ساڵی 2024 هەنگاوی جدی بۆ نراوە، بەڵام بەهۆی دۆخی سیاسی و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە هاتە پێشەوە، جێبەجێکردنی پرۆژەکە کەمێک دواکەوتووە.
دەشڵیت، نرخی یەک کیلۆمەتر بە 300 دینار دیاری دەکرێت، بەمەش گەشتێکی کورت کە پێشتر بە سێ هەزار یان چوار هەزار دینار بوو، بۆ هاوڵاتی دەبێتە هەزار و 500 یان دوو هەزار دینار.
روونیشیکردەوە، کە ئامێرەکە بەبێ بەرامبەر دەدرێتە شوفێران و لەدواییدا مانگانە بڕێک پارەیان لێ وەردگیرێتەوە، بەڵام داواشی کرد حکومەت پاڵپشتی نرخی بەنزین بکات یان ئۆتۆمبێلی تایبەت بە مێتەرەوە هاوردە بکات تاوەکو شوفێرانیش لە نرخەکان زیانمەند نەبن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر