پێنج کەس رۆژانە دەچن

دەربەندیخان؛ سێ ئامێرەکەی شوشتنەوەی گورچیلە لە کارکەوتوون

964+

میلاد جەلال – دەربەندیخان

ساڵی رابردوو خێرخوازێک سێ ئامێری شوشتنەوەی گورچیلەی بۆ دەربەندیخان کڕی، بۆ ئەوەی نەخۆشەکانی ئەو قەزایە رێگای دوور نەبڕن، هەر لە شارەکەی خۆیان شوشتنەوەیان بۆ بکرێ، بەڵام ئێستا ھەر سێ ئامێرەکە لەکارکەوتوون و نەخۆشەکانیش خەم دایگرتوون.

لە قەزای دەربەندیخان 9 کەس پێویستیان بە شوشتنی گورچیلە بووە، سێ لەوانە گیانیان لە دەستدا و دانەیەکیشیان نەشتەرگەری گۆڕینی گورچیلەی ئەنجامدا، ئێستا لەقەزاکە پێنج کەس رۆژانە یان رۆژ نا رۆژێک پویستە شوشتنی گورچیلە ئەنجام بدەن.

بورھان حاجی حەسەن، برای یەکێک لەو نەخۆشانەیە کە پێویستی بە شوشتنی گورچیلە ھەیە بە 964ى وت، خوشکەکەم نزیکەی 7 مانگە پێویستی بە شوشتنی گورچیلە ھەیە، دەبێت رۆژ نا رۆژێک ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدات بۆ ئەوەی لەژیان بمێنێتەوە.

پێرێ کە رۆشتینە سەنتەرەکە تەنیا یەک ئامێر کاری دەکرد، لەوکاتەدا ئەو ئامێرەش لەکارکەوت و خەریکبوو ژیانی خوشکەکەم بکەوێتە مەترسییەوە، ئەمڕۆ بە ناچاری رێگای دووری سلێمانیمان گرتەبەر بۆ شوشتنەوەی گورچیلەی، بورھان حاجی حەسەن وای وت.

ئەو هاوەڵەی نەخۆشە دەڵێ، ئەگەر ئەو ئامێرانەی دەربەندیخان چاکنەکرێتەوە ژیانی ئێمە و نەخۆشەکانی دیکەش قورس دەبێت، داواکارین لایەنی پەیوەندیدار چارەسەریان بکەن، پەیامنێری 964 لەرێگەی ژمارە تەلەفۆن و واتسئاپەوە پەیوەندیکرد بە سازان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

دەرمان لە سەنتەری گورچیلەی دەستكردی سلێمانی کەمبووەتە...

دەرمان لە سەنتەری گورچیلەی دەستكردی سلێمانی کەمبووەتەوە