قەڵادزێییەكان خەم لە خێزانە هەژارەكانیان دەخۆن

964+
فەرهاد حەسەن

چەند كەسایەتییەكی قەڵادزێ كەمپینێكیان راگەیاندووە بۆ ئەوەی هاوكاری و یارمەتی بۆ خێزانە كەمدەرامەتەکان كۆبكەنەوە، ئەندامێكی ئەو كەمپینە دەڵێت، 30 خێزانی كەمدەرامەت لە لیستەكەیاندایە و پێشبینیش دەكرێت زیاتر بن.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 4.3.2023 لە پاركە تازەكەی قەڵادزێ كەمپینی یارمەتی بۆ خێزانە كەمدەرامەتەكانی ئەو قەزایە دەستیپێكرد و وەك پەیامنێری تۆڕی 964 چاودێری كردووە، پەیتا پەیتا خەڵكی بەرەو كەمپینەكە دەچن.
پشدەر قەڵادزێیی، ئەندامی دەستەی باڵای ئەو كەمپینە بە تۆڕی 964ی وت، “ئەمڕۆ دەستمان بەو كەمپینە كردووە و بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو خێزانە كەمدەرامەتانەی كە سوود لەو كەمپینە وەردەگرن بریتین لە خێزانە هەژار و بێكار و خاوەن پێداویستی تایبەت و بێ باوكان، وتیشی، “بەپێی ئەو لیستەی لای ئێمە تۆماركراوە، تا ئێستا 30 خێزانی لەمشێوەیە هەن، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەو ژمارەیە زیاتر بێت”.
وتیشی “جگە لە پارە، كەمپینەكەمان خۆراك و كەلوپەل و جلوبەرگیش بۆ ئەو خێزانانە كۆدەكاتەوە”.
ئەوەشی روونكردەوە، حكومەت تەنیا رێگەیان پێداون لەو پاركە كەمپینەكە رابگەیەنن، ئەگەرنا وەك هاوكاری، هاوكاری كیەمپینەكەیان نەكردووە.
بڕیارە دوای كۆتایی هاتنی ئەو كەمپینە دەستە باڵاکەیان سەردانی یەك بەیەكی ئەو خێزانانە بكات و یارمەتییە كۆكراوەكەیان بۆ ببەن.