پارێزگای سلێمانی لە چینە و دەستەخوشکەی راگەیاند - وێنە: پارێزگای سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە
شاخ بە شاخ ناگات، بەڵام شار بەشار دەگات
سلێمانی بووە دەستەخوشکی شارێکی چین و چاوەڕێی زۆرشتە
964+
ئەحمەد مستەفا
پارێزگاری سلێمانی لە وڵاتی چینە و لەگەڵ شارێکی چین کە ناوی “ئییوو” وە، بوون بە دەستەخوشکی خۆیانی راگەیاند، وەک ئەوەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، زۆرێک ئامانجیان هەیە، لەوانە پەیوەندی بازرگانی و پێشەسازی، شوێنەوار، گرنگیدان بە پەیوەندی دوو لایەنە.
ئەوەی باسی کردووە، ویستوویانە لەرێگەی ئەو پەیوەندییەوە، تەنیا وڵاتان بەیەک نەگەن و هەماهەنگی بکەن، بەڵکو شارەکان دەتوانن هەماهەنگی بکەن.
لە رێوڕەسمەکەدا پارێزگاری سلێمانی وتاری فەرمیی پارێزگای پێشکەشکردووە، دواتر بەچاودێری هەردوو پارێزگاری ئییوو و سلێمانی لێکتێگەیشتنامەی هاوتایی نێوان هەردوولا واژۆ کرا.
پارێزگای سلێمانی، کە یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارە شارستانییە ڕەسەن و دێرینە بەردەوامەکانی جیهان، وەک شارێکی نوێش لە ساڵی 1784 ەوە بنیاتنراوەو ئەمڕۆ یادی 241 مین ساڵی بنیاتنانی دەکرێتەوە، لەسەر بنەماکانی رۆشنبیریی و پیشەسازیی و بازرگانیی دروستبووە و دواتر بنەماکانی شارستانێتیی نوێی بۆ زیادکراوە.
وەک ئەوەی لە بەلاغەکەدا باسکراوە، ئەوانیش پەروەردەو فێرکردن، ئازادیی و بەشداریی ژنان و هونەرەجوانەکان، لەو کاتەوە یەکێکە لە کراوەترین کۆمەڵگا کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە، هەروەک، شاری ئییوو بە پایتەختی جیهان بۆ ئابوریی و پیشەسازیی و بازرگانیی و پیشە دەستییە بچوکەکان و، ئاڵوگۆڕی دوو ئاراستەی بازرگانیی بەرهەم و کاڵا بچوکەکان دادەنرێت.
پارێزگای سلێمانی لە وتارەکەیدا باسی لەوەکردووە، دوای هەوڵ و هەماهەنگیی زۆر و ورد، وە بەردەوامیی هەردوو شارەکە، بەخۆشحاڵییەوە لێرەین، بۆ ئەوەی لەڕێی بەیەکگەیشتن و لەیەکگەیشتن و تێگەیشتن و کاری هاوبەشەوە، بتوانین پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری عێراقی فیدراڵ و و کۆماری میللیی چین، بەهێزترو فراوانتر بکەین.
لەبارەی پێگەشتنی شارەکان و هەماهەنگی وتوویەتی، ئێمە کە خاوەنی ئەم دەستەواژەیەین لە دیداری شارە داهێنەرەکانی جیهاندا لە یونسکۆ: “شاخ بە شاخ ناگات، بەڵام شار بەشار دەگات”، باوەڕمان وایە چیتر تەنیا پەیوەندیی دەوڵەتان لەگەڵ یەکتر بەسنییە بۆ چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش و گەشەکردنی ئابورییەکی لەنگەرگرتووی بەردەوام، بەڵکو پێویستە شارەکان لەسەر ئاستی جیهان بەیەکبگەن و، میللەتان بە کلتورو فەرهەنگی رەسەنی خۆیانەوە؛ تێکەڵ بەیەکتر ببن.
دەقی وتاری پارێزگاری سلێمانی لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی پەیوەندیی دۆستایەتیی هاوتایی (شارەکان)؛
بەناوی خودای گەورەی میهرەبان
بەڕێزان، ڕێکخەران و بەشدارانی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی پەیوەندیی دۆستایەتیی هاوتایی (شارەکان)؛ لە نێوان شاری سلێمانی (پارێزگای سلێمانی) لە هەرێمی کوردستانی کۆماری عێراق و، حکومەتی شارەوانیی میللیی ئیی وو (Yiwu) لە کۆماری میللی چین؛
بەناوی پارێزگای سلێمانی و ژوری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی و زانکۆی سلێمانی و هەرێمی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانینی خۆمان پێشکەش بە گەل و حکومەتی چینی مەزن و حکومەتی خۆجێی شاری ئیی وو، هەموو ئێوەی بەڕێزدەکەین، بەڕێزو پێزانینەوە ستایشی دەستپێشخەریی و هەماهەنگیی و پێشوازیی و دۆستایەتیی شایستەتان دەکەین.پارێزگای سلێمانی، کە یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارە شارستانییە ڕەسەن و دێرینە بەردەوامەکانی جیهان، وەک شارێکی نوێش لە ساڵی 1784ەوە بنیاتنراوەو ئەمڕۆ یادی 241مین ساڵی بنیاتنانی دەکەینەوە، لەسەر بنەماکانی ڕۆشنبیریی و پیشەسازیی و بازرگانیی دروستبووەو دواتر بنەماکانی شارستانێتیی نوێی بۆ زیادکراوە کە بریتی بوون لە: پەروەردەو فێرکردن، ئازادیی و بەشداریی ژنان و هونەرەجوانەکان، لەو کاتەوە یەکێکە لە کراوەترین کۆمەڵگا کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە.
پایتەختی عیراقە بۆ لێبوردەیی و پێکەوەژیان و، پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستانەو، شاری داهێنەری ئەدەبە لە یونسکۆو، لەسەر پایەکانی (پەروەردە، کلتور، ئابوریی، ژینگە و سەقامگیریی) کاردەکات، سەرمایەیەکی مرۆیی و سروشتیی و ئابوریی و دارایی تێگەیشتوو پێگەیشتوو توانستمەندیی هەیەو، لە هەموو ئەو ئالنگارییە نوێیانەی دووچاری مرۆڤایەتیی بوونەتەوە، بەتایبەتیی (کەمبوونەوەی وزە، کەمبونەوەی ئاوی پاک و تێکچوونی ژینگە، کەمبونەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و بەرهەمە خۆراکییەکان، ڕێڕەوی نوێی بازرگانیی جیهانیی)؛ دەرفەت و دەستپێشخەریی هەیەو دەتوانێت بەشێک بێت لە چارەسەر.
ئەم ناوچەیە پێگەیەکی بەهێزی لەسەر نەخشەو ڕێڕەوی بازرگانیی جیهانییدا هەیە بە ڕێڕەوی پشتوێن و ڕێگاشەوە کە لە ئێستادا باسدەکرێت.
دوای هەوڵ و هەماهەنگیی زۆرو وردو بەردەوامیی هەردوو شارەکە، ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە لێرەین، بۆ ئەوەی لەڕێی بەیەکگەیشتن و لەیەکگەیشتن و تێگەیشتن و کاری هاوبەشەوە؛ بتوانین پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری عێراقی فیدراڵ و و کۆماری میللیی چین، بەهێزترو فراوانتر بکەین، ئێمە کە خاوەنی ئەم دەستەواژەیەین لە دیداری شارە داهێنەرەکانی جیهاندا لە یونسکۆ: (شاخ بە شاخ ناگات، بەڵام شار بەشار دەگات)، باوەڕمان وایە چیتر تەنها پەیوەندیی دەوڵەتان لەگەڵ یەکتر بەسنییە بۆ چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش و گەشەکردنی ئابورییەکی لەنگەرگرتووی بەردەوام، بەڵکو پێویستە شارەکان لەسەر ئاستی جیهان بەیەکبگەن و، میللەتان بە کلتورو فەرهەنگی ڕەسەنی خۆیانەوە؛ تێکەڵ بەیەکتر ببن.
بۆ ئەمەش پێویستمان بە هەماهەنگیی و هاوتایی و هاوبەشیی نێوان حکومەتە خۆجێیەکان و شارەوانییەکان و دامەزراوە کلتوریی و بازرگانیی و پیشەسازیی و تەکنۆلۆژیی و کشتوکاڵیی و گەشتیارییەکان و، ناوەندە ئەکادیمیی و زانکۆییەکان و، کۆمپانیاکان و، ڕێکخراوە مرۆیی و مەدەنییەکانە.
کۆماری میللیی چین، ئەزمونێکی سەرکەوتوو، نمونەیەکی پێشکەوتوو، دیاردەیەکی باڵای دەرکەوتووە، کە دەتوانێت ژمارەی زۆری دانیشتوان بۆ دەرفەت بگۆڕێت و، ڕەسەنایەتیی لەناو گەشەکردن و پێشکەوتندا؛ بپارێزێت و، قۆناغی تەکنۆلۆژیای نوێ و زیرەکیی دەستکردو ڕۆبۆتینگ؛ بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیی (بۆ مرۆڤ، لەگەڵ مرۆڤدا)، نەک (تێپەڕاندن و بەجێهێشتنی مرۆڤ)، بگۆڕێت، ئەمڕۆ چین ئەو جیهانە ڕاستەقینەیە کە ئەگەر هەموو کەس نەیتوانیبێت لێرەبێت، لە چین بێت، بەڵام چین توانیویەتی لە هەموو شوێنێک و لای هەموو کەسێک بێت.شانازین ئێمە وەک سلێمانی، وەک کوردستان، وەک عیراقی فیدراڵ، ئەمڕۆ لێرەین، لە چینین، لە ئیی ووین، جیهانە بچوککراوەکەی چین.