دوێنێ شەو چی روویدا؟

عێراق لە ئامادەباشی تونددایە و ترەمپ نەخشەی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان دەکێشێت

964+

ژووری هەواڵ

دەزانین کۆتایی هەفتەیە و پشووتان وەرگرتووە و لەوانەیە دوورکەوتبێتنەوە لە شاشە و هەواڵەکان، هەر بۆیە 964 کورت و پوخت چی هەواڵ و پێشهاتی گرنگ کە لە دوێنێ شەوەوە تا ئێستا روویانداوە بۆی لێرە کۆکردوونەتەوە؛

📌عێراق هێزەکانی خستە ئامادەباشی بۆ رێگری لە هێرشی درۆنی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لەم 48 کاتژمێرە.

📌لە دوای بڵاوبوونەوەی زانیاریی ئەمنی لەسەر نیازی گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشی درۆنی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بە فەرمی رایگەیاند کە رێگە بە هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر دەوروبەر نادەن و هێزە ئەمنییەکان لە سەرانسەری عێراق بڵاوەیان پێکرا

📌 هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە بەرەی مقاوەمە کرد کە دان بەخۆیاندا بگرن هێرش نەکەنە سەر سعودیە، تاوەکو بەشێوەیەکی دیپلۆماسی چارەسەری کێشەکان دەکەن.

📌دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە پێشبینی دەکات بەمزووانە شەڕ و ئاڵۆزی کۆتایی پێبێت، جەختیشی کردەوە کە ئێرانییەکان ناتوانن لەسەر بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخەی ئێستایان بڕۆن.

📌سی ئێن ئێن: ترەمپ بە نهێنی نیگەرانی دەربڕیوە کە ئاشکراکردنی کەمبوونەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی ئەمریکا، واشنتن بە لاواز نیشان دەدات.

📌سی ئێن ئێن: ترەمپ وەزارەتی دادی راسپاردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو “خائینانەی” لە ناو حکومەتدا زانیارییەکان دزە پێدەکەن.

📌وۆڵ ستریت جۆرناڵ: پێشبینی دەکرێت پوتین لە ساڵانی داهاتوودا بۆ تاقیکردنەوەی یەکڕیزی ناتۆ، هێرشێکی سنووردار بکاتە سەر وڵاتێکی ناو ئەو هاوپەیمانییە.

📌ئاژانسی تەسنیم: تەقینەوەکانی دوورگەی قەشم پەیوەندییان بە ئۆپەراسیۆنێکەوە هەیە دژی “ئامانجێکی دوژمن” لە نزیک گەرووی هورمز.

📌فۆکس نیوز: ئەمریکا و ئیسرائیل سیستمی بەرگریی “ئارۆ”یان بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەکی بالیستی دوورهاوێژ بەسەرکەوتوویی تاقیکردەوە.

📌سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رەخنەی توند لە سیاسەتی ئەمریکا دەگرێت و دەڵێت؛ دەستەواژەی “هێرشێکی گەورە لە رێگەیە… بوەستن، گرنگ نییە چونکە دەیانەوێت دانوستان بکەن” نموونەی روونی دیپلۆماسیی شانۆگەرییە کە بە بەردەوامی دووبارەی دەکەنەوە.

📌بەرپرسێکی ئەمریکی: رێڕەوە کاتییەکانی گەرووی هورمز بێبەربەست دەبن و پێویستیان بە هیچ مۆڵەت و باجێکی تێپەڕین نابێت.

📌وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، سێ کەشتییان لە دەریای رەش پێکاوە کە کەرەستەی سەربازیی ئۆکرانییان تێدابوو.

📌تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە ناو مینی پاسێکی گواستنەوەی هاوڵاتییان لە شاری جرمانا لە دەوروبەری دیمەشق، ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە.

📌ترەمپ چەند بڕیارێکی واژۆ کرد بۆ سنووردارکردنی پێدانی رەگەزنامەی ئەمریکی لە رێگەی لەدایکبوونەوە.

📌راپۆرتە تەندروستییەکان: بۆ یەکەمجار لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاکەوە، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆنگۆ 4 هەزار کەسی تێپەڕاند.

📌دادگایەکی نیو مەکسیکۆ کۆمپانیای مێتای بە 567 ملیۆن دۆلار سزا دا، بەهۆی ئەوەی پلاتفۆرمەکانی زیانیان بە منداڵان گەیاندووە.

📌حکومەتی هەرێمی کوردستان: دانا غاز بەبێ رەزامەندیی ئێمە غازی داوەتە وەزارەتی کارەبای عێراق و رێوشوێنی یاسایی بۆ پاراستنی مافەکانمان دەگرینە بەر.

📌شەوی رابردوو لە دوو رووداوی جیاوازدا، دوو کەس لە دەریاچەی دوکان و زێی گەورە خنکان و تەنیا تەرمی یەکێکیان دۆزراوەتەوە.