خاوەنەکەی: هەرگیز غەش لە کڕیارەکانم ناکەم
زیاتر لە نیو سەدەیە دۆندرمەکەی سەرچنار لە تام و چێژ نەکەوتووە “کڕیاری زۆر و قازانجی کەم”
964+
سلێمانی – رازاو ئەمین
زیاتر لە نیو سەدەیە، لە سەرچناری سلێمانی شوێنێکی دۆندرمە فرۆشتن دەرگاکەی دانەخراوە، خاوەنەکەی دەڵێت نهێنی سەرکەوتنی کارەکەیان ئەوەیە هەر بە تام و چێژی جاران دروست دەکەن و دەیفۆشن، ئەمەش وایکردووە کڕیارێکی زۆر بە قازانجێکی کەمەوە بەردەوامی بە کارەکەیان بدات.
حاجی مەحمود ئەحمەد، خاوەنی شوینەکەیە، سەرەتە وەکو شاگردێک لای وەستایەکی دۆندرمەچی کاری کردووە، بەڵام لەساڵی 1967 بەهۆی لێزانییەکەی هێندەی پێنەچووە بووەتە خاوەن شوێنی تایبەتی خۆی و ئێستاش دەڵێت :نەمانهێشتووە تامو چێژی جارانی دۆندرمەکەمان لەدەست بدەین.
حاجی قسەی بۆ 964 کردووە و باس لەوەدەکات کە هێشتا کڕیارەکانی ساڵانی شەست و حەفتاکان سەردانی دەکەن کاتێکیش دێنە لای داوا دەکەن هەر بە دەستی خۆی ساردەمەنییەکەیان پێشکەش بکات، دەشڵێت “کە دەستمان بەو کارە کرد، ئەم ئامێرە مۆدێرنانەی ئێستا نەبوون، بەڵکو بە کەوچک دۆندرمەمان پێشکەشی کڕیاران دەکرد”.
بەلێنێ حاجی ئەوەیە کە تاوەکو لە ژیاندا مابێت لەگەڵ کڕیارەکانی غەش و فێڵ نەکات چۆن لەسەرتا هێناویانە وەهاش بەردەوامی پێبدەن و بۆ ئەوەی ناو و ناوبانگیشیان هەمیشە بمێنێتەوە کوڕێکی لە ئەوروپا گەڕاندووەتەوە سلێمانی بۆ ئەوەی لە داهاتوو درێژە بە پیشەکەی باوکی بدات.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن