پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی بەرفراوان بەڕێوەدەبرێت

لە بەریتانیاوە بۆ کەلار؛ پێنج هەزار دارخورما بەرهەمیان گەیشت

میلاد جەلال- گەرمیان

جووتیارێکی گەنجی ناوچەی گەرمیان لە هەنگاوێکدا بۆ گۆڕینی کەلار بۆ شارێکی بەرهەمهێنەری خورما، پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی بەرفراوان بەڕێوەدەبات و دوای چوار ساڵ چاوەڕوانی، بەرهەمی رەنجەکەی دەچنێتەوە.

دیار محەمەد، جووتیاری گەنجی ناوچەکە، چوار ساڵ پێش ئێستا پێنج هەزار دارخورمای لە جۆرەکانی “مەجدول و بەرحی” لە بەریتانیاوە هێناوە و لەسەر رووبەری 50 دۆنم زەوی لە نێوان شارۆچکەی کەلار و ناحیەی رزگاری چاندوونی.

یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم جۆرە دارخورمایانە ئەوەیە کە باڵایان بەرز نابێتەوە و بە بچووکی دەمێننەوە، ئەمەش پرۆسەی رنینی بەرهەم و خزمەتکردنی دارەکان ئاسانتر دەکات و ماندووبوونی کەمتر دەوێت.

ئەو جووتیارە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ بەرهەمی دارەکانی گەییوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا خورماکانی بەتەواوی پێبگەن .

پێداچوونەوە: پەری ساڵح