دادگایەک تۆمەتی زیانگەیاندن بە منداڵانی خستە پاڵ کۆمپانیاکە
مێتا بە 567 ملیۆن دۆلار سزا درا
ژێوار خدر
کۆمپانیای مێتا بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە منداڵان و کەمتەرخەمی لە پاراستنیان لە ناو پلاتفۆرمەکانیدا، بڕی 567 ملیۆن دۆلار سزا درا، ئەمەش دوای ئەوەی دادگایەکی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەیەک دا کە ساڵی رابردوو لە دژی کۆمپانیاکە کرابووەوە.
دادگایەکی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ رایگەیاند، کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام و واتساپە، نەیتوانیوە بەپێی پێویست منداڵان لە مەترسییەکانی ناو ئینتەرنێت و دەستدرێژییە ئەلیکترۆنییەکان بپارێزێت، بۆیە پێویستە ئەو بڕە پارەیە وەک قەرەبوو بدات، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەکان سیستەمی کارکردنی مێتا بەکارهێنەرە تەمەن گەورەکانیان بەرەو ناوەرۆکی بەکارهێنەرە هەرزەکارەکان ئاراستە کردووە.
کۆمپانیای مێتا لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکە دەربڕیوە و تانە لە سزاکە دەگرێت و دەڵێت، هەوڵی زۆرمان داوە بۆ پاراستنی سەلامەتی بەکارهێنەران، ئەم سزایەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی سێی ئەمساڵدا هەمان دادگا بڕیاری دابوو مێتا 375 ملیۆن دۆلار سزا بدات، بەڵام ئێستا بڕی سزاکە زیاد کراوە.