تیمەکانی شارەوانی و کارەبا شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە نۆژەن دەکەنەوە
کەرکوک لە شەودا دەدرەوشێتەوە
ژێوار خدر
شەقامە سەرەکییەکانی کەرکوک لە رێگەی پرۆژەیەکی فراوانی نۆژەنکردنەوە رووناک دەکرێنەوە و لە ئێستادا تیمەکان خەریکی دابینکردنی رووناکین بۆ فلکەی گۆڕەپانی کرێکاران، ئەمەش بە مەبەستی جوانکردنی سیمای شارەکە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە شەودا.
شارەوانی کەرکوک رایگەیاند، تیمە تەکنیکییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا بەردەوامن لە کارەکانی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنەوەی رووناکی بۆ شەقامی سەرەکی لە فلکەی گۆڕەپانی کرێکاران، ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە پلانی فراوانکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ناوچە جیاوازەکانی شارەکە.
دەشڵێت، ئەم کارانە لەسەر راسپاردەی پارێزگاری کەرکوک و بەدواداچوونی بەڕێوەبەری شارەوانی ئەنجام دەدرێن، مەبەست لێی نیشاندانی کەرکوکە بە جوانترین شێوە کە شایستەی دانیشتووانەکەی بێت، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا پرۆژەکە قۆناغی تریش ببڕێت و شەقامە سەرەکییەکانی دیکەی شارەکەش بگرێتەوە.