بێ بارانی هەناسەی لە دارەکانی ئیدارەی راپەرین بڕیوە

زیاتر لە 6000 دار وشک بوون

964+

باخان تۆفیق

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ژمارەیەکی زۆر لە دارەکانی ناو دارستانە دەستکردەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین و بەشێک لە دار و درەختی ناو پارک و شەقامەکانیش دووچاری وشکبوون بوونەتەوە و بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕینیش دەڵێت، “کەميی خزمەت و وشکەساڵی هۆکاری سەرەکيیە”.

لە بارەی ئەم کارەساتە ژینگەییە، ساوێن ساڵح بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بە 964ی وت، “وشکبوونی دارەکانی ناو شار هۆکارەکەی کەمتەرخەمییە و لەگەڵ شارەوانیی رانیە لەسەر هێڵین بۆ چارەسەری، بەڵام دارستانە دەستکردەکان هۆکارەکەی وشکەساڵی و کەمیی بارانە، لیژنەی تایبەتمەندیش پێکهاتووە”.

سەبارەت بە وشکبوونی داری ناو دارستانە دەستکردەکان، ئیسماعیل تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە 964ی راگەیاند، “داری ناو دارستانەکان بەهۆی زۆریی تەمەن و وشکەساڵی وشکبوون، ئێستا ئەو دارانەی تەواو لێی بێ ئومێد دەبین و دەزانین کە ئیتر وشکبوونە، دەیبڕینەوە و دواتر لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار بە زیادکردنی ئاشکرا دەفرۆشرێنەوە و لە بری ئەوەش داری تر دەچێنرێنەوە”.

شكار رەسوڵ چالاکوانێکی ژینگەیی دەڤەرەکەیە و نیگەرانە لە دۆخەکە و بە 964ی وت ،”ئەم کارەساتە ژینگەییە کاریگەری زۆری لەسەر ژینگەی ناوچەکە دروست دەکات جگە لەوەی لە دەڤەرەکەمان گرفتی زۆری و سووتاندنی پاشماوەکان هەیە و دەبێت بە زووترین کات ئەم گرفتانە چارەسەر بکرێن، ئەگەرنا ئەم کارەساتە گەورەتر دەبێت”.

دارستانە دەستکردەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین لەسەر رووبەری 5500 دۆنم رووێندراون و لە هەر یەک دۆنمێکدا 120 دار رووێندراوە و بە کۆی گشتی 660 هەزار دارە و رێژەیەکی باشی سەوزایی لە ناوچەکە پێک دەهێنن، تا ئێستاش زیاتر لە 6000 دار وشکبوون، جگە لە وشکبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو ژمارەیەکی زۆری دار و سەوزایی لەناو پارک و شەقامەکاندا.