لە کۆیە
3500 نەمام مەترسی وشکبوونیان لەسەرە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
لە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان قایمقامیەتی قەزای کۆیە و هۆبەی دارستان و پاوانی کۆیە، مانگی 12ی ساڵی پار، 3500 نەمام لە خوارەوەی پاڵاسی چیای هەیبەتسوڵتان چاندرا بەڵام بە هۆی نەبوونی پلان بۆ ئاودانی بەشێکی زۆری نەمامەکان وشکبوون، ئەوەندەی ئاویش دراوە خێرخواز لەسەر ئەرکی خۆی ئاوی داون.
کازم کەریم، لێپرسراوی هۆبەی دارستان و پاوانی کۆیە بە 964ـی وت، ئەو رێژە نەمامەی چاندراوە تا ئێستا ئاو نەدراوە، ئەوەندەی ئاویشدراوە خێرخواز لەسەر ئەرکی خۆی ئاویداون.
وتیشی، “ئێمە لە مانگی شەش بە ئاگاداری قایمقامی کۆیە، دەرخستەیەکمان کرد بۆ سەرەوەی خۆمان لە هەولێر، بۆ ئەوەی خەرجی ئاودانی ئەو نەمامانەمان بۆ سەرف بکەن، رەزامەندی دراوە بەڵام تا ئێستا بودجەکەمان بۆ تەرخان نەکراوە”
964 زانیوویەتی تەواوی ئەو نەمامانەی کە چاندراون دارسنەوبەرن، لە ئێستادا تەواویان بچووکن و پێویستییان بە خزمەت و ئاودان هەیە بەڵام ئەگەر بەردەوام ئەو نەمامانە ئاو نەدرێن، مەترسیی وشکبوونی سەرجەمیان هەیە.
بە گەشەکردنی ئەو نەمامە، رێژەی سەوزایی لە چیای هەیبەتسوڵتان زیاد دەکات و دیمەنێکی جوانتر بە ناوچەکە دەبەخشێت.
پێداچوونەوە: میدیا گۆران