دوای 13 کاتژمێر کاری بێ وچان

ئاو بۆ 5000 ماڵی چۆمان گەڕیندرایەوە؛ تیمەکان گیریان خواردبوو

ئاکام غەفوور – چۆمان

تیمەکانی ئاوی چۆمان لە دوای 13 کاتژمێر کارکردن لە ناو بەفر و سەرما بۆرییە ئاوەکەیان چاککردەوە کە پێنج هەزار ماڵی بێ ئاو کردبوو.

بۆرییەکە شەوی رابردوو لە پڕژێ شکابوو، بەفر و سەرما و بەستەڵەک کارەکانی قورس کردبوو، لە دوای چاککردنی بۆییەکەش، تیمەکان لە سەر شاخەکە بەهۆی بەستەڵەکەوە ماوەیەک گیریان خوارد، بەڵام دواتر لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە رزگار کران.

سیروان محەمەد بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان بە 964ـی وت، لە دوای کارکردنێکی سەخت توانیمان بۆرییە شکاوەکە چاک بکەینەوە، ئێستا ئاو بۆ چۆمان گەراوەتەوە و گرفتەکەمان چارەسەر کرد.

وەک باسی دەکات، شەوەیان بەسەردا هاتووە، شوێنەکەش شاخێکی سەخت بووە و بەفری دوێنێ شەوی لێ ماوە، هەر بۆیە لەوێ گیریان خواردووە، تیمەکانی بەرگری شارستانی چۆمان چوون بە هانایەنەوە و لە ناو بەفر و بەستەڵەک رزگاریان کردوون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری