دۆناڵد ترەمپ و مارک ساڤایە
مارک ساڤایا تویتێکى بڵاوکردەوە
بۆچوونى ئەمریکا لەبارەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە
وریا فەتاح
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروبارى عێراق، لەبارەى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق پەیامێکى بڵاوکردەوە و ستایشى عێراقى کرد کە جارێکى دیکە پابەندبوون بە سەروەرى یاسا و دامەزراوە نیشتمانییەکان و بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا.
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ 13ـی تشرینی دووەمی 2025 بڵاوى کردووەتەوە، ساڤایا رایگەیاند: “پیرۆزباییەکی دڵسۆزانە ئاراستەی گەلی ئازا و بەجەرگی عێراق دەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەم دواییە، کە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی بەهێزکردنی دیموکراسی و سەقامگیری لە وڵاتدا.”
دەشڵێت: “گەلی عێراق جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆیان بە ئازادی، سەروەری یاسا، و دامەزراوە نیشتمانییە بەهێزەکان نیشاندا، ستایشی سەرۆک وەزیران سودانی و حکومەتەکەی دەکەم بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم هەڵبژاردنە گرنگە لە کاتی خۆیدا ئەنجامدرا و بە شێوەیەکی باش بەڕێوەچوو، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە کە عێراق بەرەو گەشەسەندنی زیاتر و سەروەری دەچێت.”
ساڤایا جەختیشی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی سەروەری عێراق، هەوڵەکانی چاکسازی، و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی دەرەکی و میلیشیا چەکدارەکان.
وتیشی: “چاوەڕوانی کارکردن لەگەڵ حکومەتی داهاتوو دەکەین بۆ قووڵکردنەوەی هاوبەشی ستراتیژی خۆمان لە بواری ئاسایش، وزە، و گەشەپێدان، و یارمەتیدان لە بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیر و گەشەسەندوو بۆ هەموو عێراقییەکان.”