پێشتر پێیوتبوون "مەقەڵی و نێرگەلە" بەکارنەهێنن

بەرگری شارستانی سلێمانی نیگەرانە لە سوتانی دارسنەوبەرەکانی گۆیژە

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی نیگەرانی خۆی لەسەر سوتانی دارسنەوبەرەکانی شاخی گۆیژە دەربڕی و دەڵێت، ئەوانەی پێشتر رێگرییەکانیان بۆ پاراستنی ژینگەی شاخەکە بە “پێشێلکردنی ئازادی” ناو دەبرد، ئێستا دەبێت بەرپرسیارێتی ئەم وێرانکارییە و فەوتانی رەنجی سەد ساڵەی سیمای سەوزی شارەکە هەڵبگرن.

نیگەرانییەکەی بەرگری شارستانی دوای کەوتنەوەی ئەو ئاگرە دێت کە شەوی رابردوو لە شاخەکە کەوتەوە و خەوی لەچاوی سلێمانییەکان تۆراند، هەرچەندە لە ماوەیەکی پێوانەییدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا، بەڵام زیانێکی زۆر بە دارسنەوبەرەکانی ئەو شوێنە گەیشت.

پێشتر چەندینجار هۆشداریی درابووە هاوڵاتیان لە مەترسیی کەوتنەوەی ئاگر، لە بەکارهێنانی مەقەڵی و نێرگەلە لەناو پووش و پاوانی گۆیژەدا، بەڵام دیار بوو لە لایەن هەندێک کەسەوە ئەمە بە “دەستوەردان لە ئازادییەکانی تاک” وەسف دەکرا، بەرگری شارستانی دەپرسێت “ئێستا کێ بەرپرسیارێتی ئەم وێرانکارییە هەڵدەگرێت؟ کێ زیانی کرد جگە لە کۆتایی هاتن بە هەناسەی کۆمەڵێک دارسنەوبەر و بوو  ن بە خەڵوز؟”

لە کۆتاییدا بەرگری سارستانی جەخت لە پاراستنی ژینگە دەکاتەوە کە ئەرکی هەمووانە و بە پێویستیشی دەزانێت کە یاسا لێپێچینەوەی توند لەگەڵ کەمتەرخەمەکان بکات بۆ ئەوەی چیتر ژینگەی شارەکە نەبێتە قوربانی کات بەسەربردنی نابەرپرسیارانەی چەند کەسێک.