سه‌رپێچیكاران سزا ده‌درێن

ئێوارەى ئه‌مڕۆ ئەنجامی بەرایی خولى شه‌شه‌مى هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، ئه‌مڕۆ کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیه‌نن و لایەنەکانیش دەتوانن لە ئێستاوە سکاڵاکانیان بدەن بە کۆمیسیۆن و ده‌ڵێت بە دڵنیاییەوە سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.

نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکای عێراق، دوێنێ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاوەکو 72 کاتژمێری داهاتوو لایەنەکان دەتوانن سکاڵاکانیان بگەیه‌نن بە دەستی کۆمیسیۆن، دوای ئەوە سندوقەکان دەکرێنەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، لە ئەگەری هەبوونی هەر سەرپێچییەک، سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.

وتیشی، “ئه‌مڕۆ کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمیسیۆنەوە رادەگەیه‌ندرێت”.

كاتژمێر 7:00ی به‌یانی دوێنێ سێشه‌ممه‌ ده‌نگدانی گشتی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد، هه‌شت هه‌زار و 703 بنكه‌ی ده‌نگدان كه‌ له‌ 39 هه‌زار و 285 وێستگه‌ پێكدێن كرانه‌وه‌،  كە تێدا 31 هاوپەیمانی، 38 حزب و 79 تاكەكەس بەشداری هەڵبژاردنیان كرد و زیاتر لە حەوت هەزار كاندید كێبڕكێ دەكەن.