دیمەنێکی چاڤیلاند لە سلێمانی - وێنە؛ سۆشیال میدیا
لەبری قەرزی کارەبا
کارەبای سلێمانی 13 موڵکی کۆمپانیای چاڤی دەفرۆشێت
شۆڕش قادری
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی 13 موڵکی کۆمپانیای چاڤی دەفرۆشرێت لەبەری قەرزی ئەو کارەبایەی کە دەوترێت لە سەر کۆمپانیاکەیە و بڕەکەی زیاترە لە سێ ملیار و 580 ملیۆن دینار.
بەپێی بانگەوازێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، “بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی لەسەر داوای بریکاری داواکار ( وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان / سەرەڕای کارەکەی) لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە هەڵدەستێت بە فرۆشتنی 13 موڵکی کۆمپانیای چاڤی کە سەرجەمیان لە کەرتی 1ـی مەڵکەندی و دەباشانـن و تۆمارن بە ناوی کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری – هاوپشکی تایبەت”.
ئاماژە بەوەشکراوە، فرۆشتنی ئەو موڵکانە بەرامبەر قەرزی خاوەن قەرز ئەنجام دەدرێت کە وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بڕەکەی سێ ملیار و 580 ملیۆن و 710 هەزار دینارە بە رەسمی جێبەجێكردنی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی.
هەر کەسێک ئارەزووی بەشداریکردنی هەیە، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بکات و لە بەشی ژمێریاری بارمتەی یاسایی بە ڕێژەی (10٪)ـی نرخی خەمڵێندراوی ئەو 13 موڵکە دابنێت و ناسنامەی نیشتیمانی و پشتگیری شوێنی نیشتەجێبوونیش لەگەڵ خۆی ببات.
زیادکردنەکە لە ماوەی 30 رۆژدا و لە رۆژی دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ئاگادارییە لە رۆژنامەدا، لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی و لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت.
سەرەتای مانگی 10ـی ئەمساڵیش، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، 60 موڵکی دیکەی کۆمپانیای چاڤی لە زیادکردنی ئاشکرادا فرۆشت.