"پێشبڕکێی نێودەوڵەتی کۆیە بۆ پێکانی پۆینت"
بۆیەکەمجار پاڵەوانێتی فڕین لەسەر ئاستی عێراق لە کۆیە بەڕێوەدەچێت
+964
دەریا ئەحمەد _ کۆیە
بۆیەکەمجار لەمێژوی خۆیدا، کۆیە و هەیبەت سوڵتان پاڵەوانێتی فڕین(پڕاگلایدەرینگ) لەسەر ئاستی عێراق لەخۆدەگرێت، هەرچەندە کەش و هەوا کاریگەری لەسەری هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ پاڵەوانێتیەکە لەژێر ناونیشانی (پێشبڕکێی نێودەوڵەتی کۆیە بۆ پێکانی پۆینت) بەفەرمی دەستیپێکرد.
حارس تەحسین، سەرۆکی یەکێتی یانەکانی ئاسمانی عێراق بۆ 964 وتی، ئەم پێشبڕکێیانە کاریگەری لەسەر ئاستی عێراق هەیە و ئێستا لە ڕیزبەندی جیهانی لە پلەی 31 داین و له پاڵەوانێتی داهاتوودا بەرەو پلەی 22 هەنگاو دەنێین، سوپاس بۆ کۆیە کە هاوکارمان بوون ئەم پاڵەوانێتیە لە شاخی هەیبەت سوڵتان بەڕێوە ببەین و چەندین یاریزان و یانەی کوردیش لەگەڵمان بەشدارن.
وتیشی، ئەم پاڵەوانێتیە کاریگەریەکی گەورەی دەبێت لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتی جیهانی داهاتوو کە لە تورکیا بەڕێوە دەچێت و وادەکات عێراق لە ڕیزبەندی ئێستای جیهان کە لە پلەی 31 دایە نزیک بێتەوە لە پلەی 22 لەسەر ئاستی جیهان.
لە پاڵەوانێتیەکەدا 56 یاریزان کە بەسەر 15 یانەدا دابەشبوون بەشدارن کە بەشێکی بەرچاویان یاریزانانی کوردن، هێدی ئیسماعیل یاریزانی یانەی کۆیە بە 964ـی وت، خۆشحاڵین پاڵەوانێتیەکە لە شارەکەی ئێمە بەڕێوەدەچێت و ئەمەش هانمان دەدات ئاستمان هەم لەناوخۆ و هەم بۆ پاڵەوانێتیەکانی دەرەوەی وڵاتیش باشتر بکەین.
بڕیارە سبەینێ کۆتا ڕۆژی پاڵەوانێتی فڕینی کۆیە بۆ پێکانی پۆینت بێت، هەر یاریزانێک بتوانێت باشترین پۆینت بپێکێت خەڵاتێکی بەبڕی 300 هەزار دینار پێدەدرێت و تا ئێستاش رێبین رەشید لەیانەی سلێمانی لە پلەی یەکەم دایە.
پێداچوونەوە؛ پەری ساڵح