کێشەیەکی تەکنیکی بوو
سناپچات کێشەی نەما و چەند کاتژمێرێکی تر دەکەوێتەوە کار
964+
ژێوار خدر
لە بەیانی ئەمڕۆوە سناپچات و بەشێک لە ئەپڵیکەیشنەکانی دیکەی وەک رۆبڵۆکس، کانڤا، دوۆلینگۆ و وۆردڵ لەلای بەشێک لە بەکارهێنەران لەکار کەوتوون، بەپێی بەدواداچوونی 964 هۆکارەکەی کێشەیەکی تەکنیکییە لە سیستمی ئامازۆن وێب سێرڤس.
دوای چەند کاتژمێرێک لە وەستانیان ئامازۆن وێب سێرڤس رایگەیاند، کە کێشەکانیان چارەسەر کردووە و ئێستا بەشێک لە ئەپڵیکەشنەکان کەوتوونەتەوە کار، بەڵام هەموویان نا، چونکە لەکاتی وەستانەکەدا داواکارییەکی زۆریان لا تۆمار کراوە و تا وەڵامی هەموو داواکارییەکان دەدەنەوە کاتی دەوێ و دواتر بێ کێشە هەموویان کارادەبنەوە.
هەر لە بەیانییەوە دوای دروستبوونی کێشەکە بەکارهێنەرانی سناپچات نامەیەکیان بۆ یەکتر دەنارد، کە گوایە ئەگەر ئەو نامەیە بۆ 20 بەکارهێنەری دیکە بنێرن ئەکاونتەکانیان کێشەی نابێت و لەناوناچێت، بەڵام قسەوباسێکه لەم شێوەیە بوونی نییە، بەڵکو کێشەکە تەکنیکی بووە و چارەسەر کراوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا تەواوی ئاپەکان بەکاردەکەونەوە.