وردەکارییەکەى

ئەم بەرەبەیانییە ئەمریکا گورزى لە ئێران وەشاند؛ هێرشەکانیشى وەستاند

وریا فەتاح

ئەم بەرەبەیانییە، هێزەکانی ئەمریکا گەڕێکی تری هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر چەندین ئامانجی جیاواز لە ناوخۆی ئێران ئەنجامدا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاش (سێنتکۆم) رایگەیاند کە هێرشەکان کۆتاییان هاتووە و ئامانجەکانیان پێکاوە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لەم هێرشەدا چەک و تەقەمەنی زۆر ورد بەکارهاتوون و تێیدا شیان و تواناکانی چاودێری سەربازی، سیستەمەکانی پەیوەندی و بەرگری ئاسمانی لە چەندین ناوچەی ئێران کراونەتە ئامانج.

سێنتکۆم جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێک بووە بۆ دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئێران کە هەڕەشە بوون بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتیوانی نێودەوڵەتی.

ئاماژە بەوەش دراوە کە هیچ کەشتییەکی جەنگی ئەمریکی زیانی پێنەگەیشتووە و هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بە ئاسایی بەردەوامە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ئەمریکا رایگەیاند، بۆردومانەکان بەم زووانە بە تەواوی رادەگیرێن، چونکە ئێرانییەکان خۆیان داوای راگرتنیان کردووە.

ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئیسرائیل هیچ بەشدارییەکی لەم هێرشانەدا نەکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دا کە بژاردەی وەشاندنی گورزی زیاتر لە ئێران هێشتا لەسەر مێز کراوەیە. پێشتریش پیت هێگسێت رایگەیاندبوو کە ئەم هێرشانە پێگەی دیپلۆماسی ئەمریکا بەهێزتر دەکەن.

لاى خۆیانەوە میدیا ناوخۆییەکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی کەرەج، ئەبیک، قەزوین، ئاشتیهارد و سیریک بیستراوە، بەڵام هێشتا قەبارەی تەواوی زیانەکان بە فەرمی رانەگەیەندراوە.