ئاڵۆزییە سیاسییەکان و گرانی بلیت سێبەریان بەسەر پاڵەوانێتییەکەدا کێشاوە

ئەمڕۆ؛ بە بەشداری 48 هەڵبژاردە مۆندیالی 2026 دەستپێدەکات

وریا فەتاح

ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەورەترین و فراوانترین خولی مۆندیال لە مێژوودا بە فەرمی لە یاریگای مێژوویی “ئەزتێکا” لە مەکسیكۆ سیتی بە یاری نێوان مەکسیكی میواندار و ئەفریقای باشوور دەستپێدەکات. مۆندیالی ئەمساڵ بە بەشداری 48 هەڵبژاردە و ئەنجامدانی 104 یاری لە سێ وڵاتی جیاواز (ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیك) بەڕێوەدەچێت، بەڵام دۆخی توندی سیاسی و ناڕەزایەتییەکان سێبەری شێواندنیان بەسەر کەرنەڤاڵەکەدا کێشاوە.

سیاسەتەکانی تڕەمپ و دۆخی ئێران مۆندیال ئاڵۆز دەکەن

سەرەڕای ئەوەی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا بەڵێنی دابوو ئەم مۆندیالە ببێتە “گشتگیرترین مۆندیالی مێژوو”، بەڵام سیاسەتە توندەکانی ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ لەسەر کۆچبەران و پێدانی ڤیزا، بووەتە هۆی بێبەشکردنی چەندین هاندەر، بەرپرسی تیپەکان و تەنانەت ناوبژیوانی بەناوبانگی سۆماڵی “عومەر ئارتان” لە چوونە ناو خاکی ئەمریکا.

هاوکات، هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کێشەی گەورەی بۆ هەڵبژاردەی ئێران دروستکردووە. تیپەکە ناچار بوو کەمپی مەشق و راهێنانەکانی لە ئەریزۆناوە بگوازێتەوە بۆ تیخوانا لە مەکسیك. یاریزانانی ئێرانی لە کاتی گەیشتنیاندا بۆ مەکسیك، نیشانەی تایبەتیان لەبەرکردبوو وەک هاوسۆزی بۆ قوربانیانی هێرشە موشەکییەکەی سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە دەستپێکی شەڕەکەدا.

نرخی بلیتەکان گەیشتوونەتە ئاستی خەیاڵی

فیفا رووبەڕووی رەخنەی توند بووەتەوە بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی بلیتەکان، بە شێوەیەک هاندەران بە “خیانەتێکی گەورە” ناوی دەبەن. نرخەکان لە بازاڕی ئاساییدا لە نێوان 140 دۆلار تا 8,680 دۆلار دەستیان پێکردووە، بەڵام بۆ یاری کۆتایی لە یاریگای (مێتلایف) لە نیویۆرک، نرخی بلیت گەیشتووەتە 32,970 دۆلار. لە بازاڕی رەشدا (کە فیفا 30%ی کۆمیسیۆنەکەی دەبات)، چوار بلیت بۆ یاری کۆتایی بە نزیکەی 2.3 ملیۆن دۆلار بۆ هەر یەکێکیان نمایشکراون. ئەمە جیا لە گرانبوونی نرخی هۆتێل، هاتوچۆی شەمەندەفەر و پارکینگ.

شەپۆلی گەرما و مەترسی بۆ سەر یاریزانان

جیا لە کێشە لۆجیستییەکان، شەپۆلێکی توندی گەرما لە چەند شارێکی ئەمریکا وەک دۆلاس، هیۆستن و ئەتلەنتا هەیە، بە شێوەیەک پلەکانی گەرما لە (32 پلەی سەدی) تێپەڕ دەکەن. فیفا ناچار بووە بۆ پاراستنی یاریزانان و هاندەران کاتی تایبەت بۆ ئاوخواردنەوە (Hydration breaks) دابنێت و ڕێگەش بە هاندەران بدات بوتڵی ئاوی شیاوی پڕکردنەوە بەرنە ناو یاریگاکانەوە.

دوا تاقیکردنەوەی مێسی و رۆناڵدۆ لە مۆندیالدا

لە رووی وەرزشییەوە، چاوەکان هەموو لەسەر کۆتا دەرکەوتنی دوو ئەستێرە مێژووییەکەی جیهانن، لیۆنێل مێسی دەیەوێت کۆتا بەشداریی خۆی بە شانازییەکی تر کۆتایی پێ بهێنێت، لە بەرامبەردا کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 41 ساڵ دەجەنگێت بۆ بەدەستهێنانی تاکە نازناو کە لە مێژوویدا نەبووە.

هاوکات بەڕازیلی خاوەن 5 ئەستێرە بە راهێنەرایەتی کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی دەیەوێت دوای 20 ساڵ وشکەساڵی نازناوەکە بباتەوە، و ئینگلتەراش بە راهێنەرایەتی تۆماس تۆخێل دەیەوێت کۆتایی بە 60 ساڵ لە نائومێدی بهێنێت. لەلایەکی دیکەشەوە، هەڵبژاردەی ئەمریکا بە راهێنەرایەتی ماوریسیۆ پۆچێتینۆی ئەرجەنتینی، چاوی لەوەیە گەورەترین شۆک لە مێژووی مۆندیالدا دروست بکات.