"حەوت ماڵ چۆڵیان کردووە و ئاو بڕاوت هەموومان دەڕۆین"

دانیشتووانی گەڕەکی گوندی بابان لە سلێمانی گردبوونەوە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

دوو کۆڵانی گەڕەکی گوندی بابان لە نزیک بەکرەجۆی سلێمانی پشتگوێ خراون و هیچ خزمەتگوزارییەکان نییە، بەشێک لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی.

شەماڵ ناسیح یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “پڕۆژەی خزمەگوزارییەکان بۆ هەموو گەڕەکەکەمان جێبەجێ کراوە، تەنیا دوو کۆڵانی کۆتایی گەڕەکەکە ماون کە نە بۆری ئاو و زێرابیان بۆ راکێشراوە، نە رێگاوبانیشان بۆ دروست کراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەند جارێک سەردانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاوی بەکرەجۆ و سلێمانیان کردووە، بەڵام دەستاودەستیان پێدەکەن و هیچ وەڵامێکی کۆنکرێتیان نەداونەتەوە.

بەقسەی شەماڵ ناسیح تەنیا لە ماوەی دوو مانگدا حەوت ماڵ چۆڵیان کردووە، ئاو بڕاوت ناچارن هەموویان گەڕەکەکە جێبهێڵن.

دیلمان کەمالیش وتی، “خانووەکەم نۆ دەفتەر دۆلاری تێچووە، ئێستا چوار دەفتەر دەکات و زەرەر و زیانێکی زۆرمان کردووە”.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە سەرۆکایەتی شارەوانی بەکرەجۆ، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە بدەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری