"ئەمساڵ 16 کەس لەو سنوورە خنکاون"

گەنجێک لەناو بەنداوی خاسەی کەرکوک خنکا

کاروان ساڵحی – کەرکوک

بەربەیانی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ لە بەنداوی خاسەی کەرکوک خنکا، دوای چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی پۆلیسی چاودێری رووبارەکانی پردێ دۆزرایەوە.

964 زانیویەتی گەنجەکە لە چێشتخانەیەک کاری کردووە و شەوی رابردوو، دوای ئیشەکەی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بۆ خۆفێنککردنەوە و گەشت چوونەتە سەر بەنداوەکە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەشی پۆلیسی رووباری پردێ بە 964ـی وت، “گەنجەکە ناوی محەمەد حسێنـە، تەمەنی 17 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی رەحیماوەیە، کاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتی مەلەکردن لەناو بەنداوەکە خنکاوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، 16 کەس لە سنووری کەرکوک، بە قەزا و ناحیەکانییەوە خنکاون و 36 کەسیش لە خنکان رزگار کراون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری