شارەزایەکی کەشناسی:

“پێشبینی زستانێکی سارد و پڕ بەفر دەکرێت”

رازاو محەمەد – سلێمانی

بەمزووانە گەرما تاقەتپڕوکێنەکە دەشکێت و زستانێکی سارد و باراناویش چاوەڕێمان دەکات، شارەزایەکی کەشناسیش داوا دەکات ئەمساڵ زووتر نەوت دابەش بکرێت.

پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی بە 964ـی وت، لە 1ـی ئەیلولەوە کەشوهەوا بەرەو فێنکبوون دەچێت و لە 15ـی هەمان مانگیشەوە یەکەم شەپۆلی بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەستپێدەکات.

وتیشی، “ئاستی دابارین لە مانگەکانی 11 و 12 لە سەرووی ئاساییەوە دەبێت و پێشبینی دەکەن ئەمساڵ پاییز و زستانێکی دڵخۆشکەر بۆ هاووڵاتییان و جوتیاران بێت.”

هۆشداریشیدا، لەبەر زوو دەستپێکردنی سەرما، دەبێت حکومەت لە ئێستاوە دەست بە دابەشکردنی نەوت بکات، چونکە زستانێکی سەخت لە پێشە، ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە لە چەند رۆژی داهاتوودا پلەکانی گەرما کەمێک دادەبەزن، بەڵام لە نێوان 10 بۆ 13ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی توندی گەرما روو لە ناوچەکە دەکاتەوە و ئەگەر هەیە لە گەرمیان پلەی گەرما بگاتە 50 پلەی سیلیزی.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر