باوکیشیان دەستگیر کرا
دایکی ئەو خێزانەی غاز لە ماڵەکەیاندا تەقی گیانی لەدەستدا
سیروان خورشید – گوڵاڵە
دایکی ئەو خێزانەی لە گەڕەکی وەحدەی گوڵاڵە، غاز لە ماڵەکەیاندا تەقی، گیانی لەدەستدا و باوکیشیان دەستگیر کرا.
بەربەیانی ئەمڕۆ شەممە 15.8.2026 لە گەڕەکی وەحدەی گوڵاڵە، بەهۆی تەقینی غازەوە ماڵێك سووتا و دەستبەجێ سێ منداڵیان گیانیان لەدەستدا، دایکیشیان بەسەختی برینداربوو.
ئەسعەد حەمید کارمەندی پزیشک لە نەخۆشخانەی ناوەندی بەعقوبە بە 964ـی وت، “کەمێک پێش ئێستا دایکی ئەو سێ منداڵەش کە بەرێژەیەکی زۆر جەستەی سووتابوو، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا”.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی ناحیەی گوڵاڵە بە 964ـی وت، “لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە و دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، باوکی سێ منداڵەکە دەستگیر کراوە، لەئێستادا هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تاوان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی چڕ و وردن لەسەر هۆکار و وردەکارییەکانی رووداوەکە بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری