دایکشیان بەسەختی بریندارە

لە گوڵاڵە بەهۆی تەقینی غاز سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا

سیروان خورشید – خورماتوو

لە شارۆچکەی گوڵاڵە بەهۆی تەقینی غازەوە ماڵێک ئاگری گرت و بەهۆیەوە سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و دایکەکەشیان بە سەختی بریندار بووە.

رووداوەکە، شەوی رابردوو لە گەڕەکی وەحدەی ئەم شارۆچکەیە روویداوە.

خالد مەجید، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گەورەی گوڵاڵە​ بە 964ـی وت، شەوی رابردوو بریندارێکی ژن کە دایکی سێ منداڵە گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەیان و توانراوە چارەسەری سەرەتایی بۆ بکرێت و لە مردن رزگاری  بکەن، بەڵام رێژەی سوتاوییەکەی زۆر بەرزە و سەرووی 80%ـە، لە ئێستادا لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

وتیشی “ئەو سێ منداڵەی گیانیان لەدەستداوە، تەمەنیان لە نێوان چوار بۆ نۆ ساڵدا بوون، دوای تەواوبونی رێکار و توێکاریە پزیشکیەکان، تەرمەکان رادەستی کەسوکاریان کراوەتەوە”.

روداوەکە بەم شێوەیە بووە، لەکاتی سەرقاڵبونی دایکەکە بە چێشتلێنان لەناو مەتبەخدا، غاز دەرچووە و بە خێرای تەشەنەی سەندووە و بوەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و پاشان تەقینی غازەکە، بەهۆی روداوەکەوە سەرجەم کەلوپەلی ماڵەکە سوتاون و دوای گەیشتنی ​تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە شوێنی روداوەکە، توانراوە دایکەکە لەناو ئاگرەکە رزگار بکەن، بەڵام منداڵەکان لە ژورەوە ماونەتەوە نەیانتوانیوە خۆیان رزگار بکەن و گیانیان لەدەستداوە.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن