رۆڵی لە هەشتاو نەوەدەکان هەبوو

ژەنیارێکی بەئەزموونی ئیدارەی راپەڕین کۆچی دوایی کرد

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین، هەواڵی کۆچی دوایی ژەنیارێکی بە ئەزموونی ئیدارەکەی بڵاوکردەوە کە لە وڵاتی سوێد بەهحی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.

دەڵێت “مخابن بە کەسەرێکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەند و مامۆستای سەرکەوتوو (نەریمان ئەمین ئیسماعیل)مان پێگەیشت، کە لە وڵاتی سوید بەهۆی نەخۆشییەکی گرانەوە ماڵئاوایی یەکجاری لە ژیان و هونەر کرد”.

ئاماژەی بەوەکردووە، کە مامۆستا نەریمان، وەک ژەنیارێکی بەئەزموونی ئامێرەکانی ئۆکۆردیۆن و ئۆرگ، لە سەردەمی زێڕینی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا رۆڵێکی دیار و کاریگەری هەبوو لە جۆشدانی بزووتنەوەی موزیک لە رانیە و دەڤەری ڕاپەڕین، بە بەشداریی لە تیپە موزیکییەکاندا و لەڕێگەی کارە هونەرییەکانییەوە، خزمەتێکی خەمخۆرانە و لەبیرنەکراوی پێشکەش بە هونەری کوردی کرد.

بەم بۆنەیەوە، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەی کۆچکردوو، هاوڕێیانی، و تەواوی هونەرمەندانی دەڤەرەکە دەکات.