هونەرمەند بەکر مەعروف
بۆ گەشت چوو؛ کەچى لەوێ پشکنینى کرد و دەرکەوت شێرپەنجەیەتى
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
هونەرمەند و ئەکتەرى دیارى هەولێر بەکر مەعروف، تووشى نەخۆشى شێرپەنجە بووە و داوا دەکات ئەگەر لێرە چارەسەرى نەبوو، رەوانەى ئوردنى بکەن.
چیرۆکى دەرکەوتنى نەخۆشییەکەى لە رووداوێکى سەیرەوە بووە، وەک ئەوەى بۆ 964 قسەى کرد، لەگەڵ هاوڕێکانى بۆ گەشت و خۆشى چوونەتە ئێران، لەوێ هاوڕێکانى پشکنینیان کردووە و داوایان کردووە ئەویش پشکنین بکات.
وەک باسى دەکات، پێکەنینى بە هاوڕێکانى هاتووە کە پشکنینیان کردووە، بەڵام ئەویش رازى بووە و پشکنینى کردووە.
وتیشى،”کە پشکنینم کرد، پزیشک پێى وتم گومانم هەیە و دەبێت زەرعت بۆ بکرێت بۆ ئەوەى بزانرێت چییە”.
دواى ئەو حاڵەتە، بەکر مەعروف دەگەڕێتەوە هەرێمى کوردستان و لێرەش دەست بە پشکنین دەکات، دواتر ئەنجامى پشکنینەکەى وڵاتى ئێران و هەرێمى کوردستان دەردەچن و دەردەکەوێت کە تووشى شێرپەنجەى سورێنچک بووە.
ئەو هونەرمەندە کە ساڵانێکى زۆرە خزمەت بە بوارى هونەرى و شانۆ و دراما دەکات، داواى کرد ئەگەر لێرە چارەسەرى نەبوو، رەوانەى ئوردنى بکەن.
بەكر مەعروف لەساڵی 1953 لەگەرەكی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایك بووە، یەكەم كاری هونەری لەساڵی 1972 بووە، بە رۆڵەى شینە لە دراماى کەوەکانى قەرەچوغ، کارى نواندنى کردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح