دراوسێى دەلالە

لەسەر کۆڕنیشی زاخۆ؛ پەیکەری خەڵاتی (زە بێست) وەک سیمبولی باشترین هاندەر دانرا

964+
شڤان عەبدوڵا- زاخۆ

وەک شانازییەک بۆ ئەو دەستکەوتە گەورەیەی ساڵی رابردوو هاندەرانی یانەی زاخۆ بەدەستیان هێنا، تابلۆى گەورەى خەڵاتى زەبێست لەسەر کۆڕنیشی زاخۆ، رێک لە تەنیشت پردی مێژوویی دەلال دانرا.

ئەم خەڵاتە کە ساڵی رابردوو لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)وە بەخشرایە هاندەرانی زاخۆ وەک (باشترین هاندەری ساڵ لە جیهاندا)، ئێستا بووەتە سیمبولێکی بەرچاوی شارەکە.

تابلۆکە بە قەبارەیەکی گەورە دانراوە، بەرزییەکەی یەک مەتر و سێ سانتیمەترە، پانییەکەشی دەگاتە چوار مەتر و 20 سانتیمەتر.
ئامانج لە دانانی ئەم پەیکەرە لەو شوێنە گەشتیارییەدا، بۆ ئەوەیە ببێتە جێی سەرنجی گەشتیاران تا وێنەی لەگەڵدا بگرن، هەروەها پەیامێکە بۆ هەر میوانێک کە سەردانی شارەکە دەکات تا بزانێت هاندەرانی زاخۆ لەسەر ئاستی جیهان باشترین بوون.
چیرۆکی بردنەوەی ئەم خەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی پێشووتری خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریی نێوان زاخۆ و یانەی حدود، هاندەرانی یانەی زاخۆ لە هەڵوێستێکی مرۆیی بێوێنەدا و وەک وەفایەک بۆ ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون، هەزاران بووکەڵەیان فڕێدایە ناو یاریگاوە. ئەم دیمەنە تەواوی جیهانی سەرسام کرد و وای لە فیفا کرد هەڵوێستەکە بەرز بنرخێنێت، تا دواجار هاندەرانی زاخۆ کاندید کران بۆ خەڵاتی (زە بێست) و بە شانازییەوە بردیانەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح