کەسوکاری قوتابیان نیگەرانن

سێ هەفتەیە دەوامە و قوتابخانەکانی رۆژئاوا چۆڵتر دەبینرێ

ئەحمەد مستەفا

ریاز شێخ سینان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی موسا عەنتر لە عامودا دەڵێت، کەمبوونەوەی ئامادەبوونی قوتابیان و ناڕوونی لەسەر داهاتووی زمانی خوێندن، بووەتە هۆی نیگەرانی لەلای ئیدارەی قوتابخانەکان لە رۆژئاوا و  خێزانی قوتابیان.

بە وتەی ئەو، سێ هەفتەیە قوتابخانەکان کرانەتەوە، بەڵام بەشداری قوتابیان بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر کەمە، هەروەها، دوای دەرچوونی بڕیارەکانی تێکەڵکردنی قوتابخانەکان و دابەشکردنیان بۆ کوردی و عەرەبی، بڕیارەکان حکومەتی سوریا ناڕوونییەکی زیاتری دروست کردووە و هێشتا داهاتووی زمانی خوێندن بۆ زۆرێک لە خێزانەکان روون نییە.

شێخ سینان دەڵێت، تەرخانکردنی تەنیا سێ وانە بۆ زمانی کوردی لە هەفتەیەکدا بەس نییە، بەڵام ئەو هەنگاوی وانەکردنی زمانی کوردی بە هەنگاوێکی دروست دەزانێت و جەخت دەکاتەوە کە زمانی کوردی مافێکی گەلە.

ئەو ئاماژە دەدات کە زۆرێک لە قوتابیان نزیکەی 10 ساڵە بە زمانی کوردی خوێندوویانە و گۆڕینی ناچاری زمانی خوێندن بۆ عەرەبی دەکرێت کاریگەری لەسەر ئاست و بەردەوامی خوێندنیان هەبێت.

بەڕێوەبەرەکە داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکات، بۆ ئەوەی زمانی کوردی شوێنی شایستەی خۆی لە خوێندن بپارێزێت و مافی منداڵان بۆ خوێندنی جێگیر و روون دابین بکرێت.