دواى بێهیوابونیان لە حکومەت
20 ماڵ لە شارەزوور لە گیرفانى خۆیان دەستیان بە دروستکردنی ئاوەڕۆ کرد
964+
بڕوا مەجید- شارەزوور
زیاتر لە 20 ماڵ لە گەڕەکی رۆژئاوای قەزای شارەزوور، لەسەر ئەرکی خۆیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانیدا، پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆ بۆ کۆڵانەکەیان دروست دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی پڕۆژەیەکی حکومی بۆ ئاوی خواردنەوە لە ناوچەکەیان دواکەوتووە.
سەرچڵ هێرش، ئەندازیاری رووپێوی پڕۆژەکە، بە 964ـی وت: “پڕۆژەکە درێژییەکەی 250 مەترە، هەڵکەندنەکەی لە قوڵایی 1 مەتر و پانی 60 سانتیمەترەوە دەستپێدەکات و لە کۆتاییدا قوڵیەکەی دەگاتە دوو مەتر و 20 سانتیمەتر.”
بە وتەی ئەندازیارەکە، تێچووی پڕۆژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی شارەزوور دابین کراوە، کە ئەندازیار و 150 مەتر بۆرییان بە پانی 30 و 40 سانتیمەتر دابینکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێک لە ئامێرەکانی شارەوانی لە سەرەتای کارەکاندا بەکارهاتوون، بەڵام تێچووی کرێکار و دروستکردنی 7 مەنهۆڵی نێو پڕۆژەکە و باقی کەرەستەکان لەسەر ئەرکی دانیشتووانی کۆڵانەکە خۆیانە.
ئەم پڕۆژە هاوبەشە لە کاتێکدایە کە بەپێی نووسراوی ژمارە 6963ی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە رێککەوتی 2.6.2025 رەزامەندی لەسەر پڕۆژەیەکی راکێشانی ئاوی خواردنەوە بە گوژمەی 796,984,000 دینار بۆ هەمان گەڕەک دراوە، بەڵام تا ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی نەکراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح