ناوچەکە لەسەر ئاگرێکی هێواش دەکوڵێت
شتێکی سەیرو نامۆ لە رێیە.. ترەمپ و ناتەنیاهۆ بە نیازی چین؟
+964
ژووری هەواڵ
کەس بە دیاریکرانی نازانێت چییە، بەڵام هەمووان دەزانن شتێکی نامۆ روودەدات.
ناوچەکە لەسەر ئاگرێکی هێواش دەکوڵێت، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەمەریکاو ئیسرائیل لەبەرامبەر ئێران نیازیان خێر نەبێت، ئەوەی ئەم چەند رۆژە روودەدات ئاماژەی روونی تێدایە بۆ وێنە گەورەکە.
ناتانیاهۆ زوو خۆی گەیاندە لای ترەمپ و شەن و کەوی بارودۆخە تازەکەیان کرد، هێشتا روون نییە بەچی گەیشتوون، بەڵام جموجۆڵەکانی دوای ئەوە خەریکە کۆدی ئەو نهێنییە دەکەنەوە.
زۆری نەخایەند ترەمپ سەرەداوی ئەو گۆڕانکارییەی ئاشکرا کرد: دەبێ شەڕ لە غەزە بوەستێت، هێزەکانی ئیسرائل قۆناع بە قۆناغ بکشێنەوەو چەک لە حەماس دابماڵدرێت، دوای ئەوەش حوکمڕانی دەگۆڕێت بۆ دەزگایەکی کاتی تەکنۆکراتەکانی فەلەستینی کە لەلایەن بۆردی ئاشتی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی دەکرێت و سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا تۆنی بلێر لەخۆ دەگرێت،
بەشێک لەو ناوەندانەی چاودێری گۆڕانکارییەکە دەکەن دەڵێن: ئەگەر ئەم پلانە جێبەجێ بکرێت، ئەوا ئیسرائیل لە هەڵمەتی سەربازی لە غەززە رزگار دەکات. لە رووی ستراتیژیەوە، هێزی خۆی تەرخان دەکات بۆ دووبارە سەرنج خستنە سەر ئێران.
ئەم زنجیرە رووداوە پێکەوە گرێدراون، هەر ئەم ماوەیە بە فشاری ئەمەریکا سزاکانی (سناپ باک) گەڕێندرانەوە بۆ سەر ئێران، کە لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیاوە جێبەجێکرابوون، سناپ باک بڕگەیەکە لە رێکەوتنی ئەتۆمی 2015ی ئێران رێگە دەدات بەنەتەوە یەکگرتووەکان بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش خۆکارانە سزاکان کارا بکاتەوە، ئەمەش ئێران 10 ساڵ دەگەڕێنێتەوە دواوە.
لە هەمان کاتدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لەگەڵ هاتنەوەی ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی چەندین جار سزای (شادۆ فڵیت)ی سەپاندووە، ئەو دەستەواژەیە بەکاردێت بۆ سەدان کەشتی نەوتهەڵگر کە ئێران و هەندێک جار وڵاتانی دیکەی سزادراوی وەک روسیا و ڤەنزوێلا بەکاری دەهێنن بۆ گواستنەوەی نەوت بە نهێنی سەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەکان، ئەم کەشتیانە زۆرجار لەژێر ئاڵا و ناوی ساختەدا کار دەکەن، سیستەمی (جی پی ئێس) دەکوژێننەوە و بۆ کاری قەچاخی نەوت.
هەموو ئەم جموجۆڵ و بڕیارانەی ئەمەریکاو ئەوروپا ئاماژە دەکەن بۆ ئەوەی شتێک لە رێیە، پێدەچێت ئەمە پلانی بەکارهێنانی هەمان دەرزی و دەرمانی رژێمەکەی سەدام بێت بۆ ئێران، چونکە هەمان سیناریۆ لە ساڵانی نەوەدەکان روویاندا، کاتێک بە سزا نێودەوڵەتییەکان عێراق لاوازکراو رێگە خۆشکرا بۆ هێرشەکەی ساڵی 2003.