لە نزیک پاڵاوگەکانی بێجی و صینییە

دەستپاکی باندێکی 21 کەسیی دەستگیرکرد سەرانەیان لە تانکەرەکانی نەوت وەرگرتووە

فەرهاد حەسەن

دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵ دەستگیرکردنی باندێکی 21 کەسی ئاشکرا کرد، کە کاریان وەرگرتنی سەرانە بووە لە تانکەرەکانی نەوت لە نزیک پاڵاوگەکانی بێجی و صینییە.

ئەم دوو پاڵاوگەیە دەکەونە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین.

بەپێی راگەیەندراوێکی دەستپاکی، دوای گەیشتنی زانیاری لەسەر هەبوونی چەند گەراج و شوێنی وەستانی بێ مۆڵەت، تیمەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک کەس بەبێ هیچ گرێبەستێکی فەرمی لەگەڵ دەوڵەت، دەستیان بەسەر چەند زەوییەکدا گرتووە لە نزیک پاڵاوگەکانی (بێجی و صینییە) و وەک گەراجی وەستانی تانکەرەکان بەکاریان هێناوە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم گروپە بڕە پارەیەکی دیاریکراویان وەک “سەرانە” لە هەر تانکەرێک وەرگرتووە، هەر شۆفێرێکیش ئامادە نەبووایە پارەکە بدات، رێگرییان لێدەکرد بچێتە ناو پاڵاوگەکە بۆ بارکردنی سووتەمەنی.

تیمەکانی دەستپاکی بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان، دوو بۆسەی توندوتۆڵیان ناوەتەوە و توانییان 21 کەس کە لەو گەراجانەدا کاریان دەکرد، دەستگیر بکەن.

دەشڵێت، لەگەڵ دەستگیرکردنیان، دەست بەسەر بڕی 87 ملیۆن و 229 هەزار دیناردا گیراوە، لەگەڵ کۆمەڵێک مۆر، تۆمار و دەفتەری پسوولە کە بۆ وەرگرتنی پارەکە بەکاریان هێناوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، تەواوی تۆمەتبارەکان و پارە و بەڵگە دەستبەسەرداگیراوەکان رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین کراون و بڕیاری دەستبەسەرکردنی هەموو تۆمەتبارەکان بەپێی بڕیاری ژمارە (154ی ساڵی 2001) دەرچووە، تاوەکو سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.