جوتیارانی گەرمیان بەری رەنج و ماندوبونەکانیان وەردەگرن
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
ئەمڕۆ چوار شەممە 1.10.2025 دابەشکردنی پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی گەرمیان لە سایلۆی سنوورەکە دەستیپێکرد و جوتیاران بە دڵخۆشیەوە چوون بۆ وەرگرتنی پارەکانیان.
کاروان رەئوف، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان بە 964ـى وت،”ئەمڕۆ دەستمانکردوە بە دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی جوتیاران، دوای ئەوەی جوتیارەکان دێنە سایلۆ چەکی پارەکەیان وەردەگرن، ھەر ھەمان رۆژ دەتوانن بڕۆنە بانکی گەرمیان پارەکەیان پێدەدرێت”.
“شەش ملیار و 255 ملیۆن دینارمان بەدەست گەیشتوە، کە ئەوەش تەنیا بەشی 302 جوتیاری سنووری گەرمیانە لەکۆی ھەزار 599 جوتیار کە گەنمیان رادەستى سایلۆی گەرمیان کردوە”،کاروان رەئوف وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، نازانن کەی کوژمەى دیکەی پارەی گەنمی جوتیاران دێت، ئەوە لای وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقە، ھەرکات ئەوان پارە بنێرن دابەشی دەکەن بەسەر جوتیاران.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح