خزمەتگوزارییە بێ بەرامبەرەکان
سەنتەرێک بە خزمەتگوزاریی بێبەرامبەرەوە باوەشی بۆ خانەنشینانی کۆیە کردووەتەوە
دەریا ئەحمەد- کۆیە
لە شاری کۆیە، کاتێک پیاوان دەگەنە وێستگەی خانەنشینی و پشوودان، ماڵێکی ئارام و پڕ لە سەوزایی و گوڵ و گوڵزار چاوەڕێیان دەکات. سەنتەرێک کە نەک تەنیا ژینگەیەکی پڕ لە گوڵ و جوانییان بۆ دەڕەخسێنێت، بەڵکو خزمەتگوزارییە پێویستەکانیشیان بە بێبەرامبەر پێشکەش دەکات.
سەنتەری خانەنشینیی (شێخ باز) لە کۆیە، کە پڕۆژەیەکی ئەهلیی قازانجنەویستە، لە ساڵی 2023ـەوە دەرگای بۆ دنیادیدە و بەساڵاچووانی شارەکە کردووەتەوە.
سەنتەرەکە وەک ماڵی دووەمی ئەو کەسانەی لێهاتووە، کە جگە لە شوێنی حەوانەوە، هەردوو خزمەتگوزاریی سەرتاشخانە و دەرمانخانەی بە شێوەیەکی تەواو بێبەرامبەر بۆ دابین کردوون.
چوونە ناو ئەم ژینگە ئارامە مەرجێکی قورسی نییە، هەر پیاوێکی بەتەمەنی شارەکە کە دەگاتە قۆناغی خانەنشینی، تەنیا بە پێشکەشکردنی کۆپییەکی ناسنامەی خانەنشینییەکەی و دوو وێنە، دەتوانێت ببێتە ئەندام و بیکاتە ماڵی پشوودانی خۆی. دەرگای سەنتەرەکەش رۆژانە لە بەیانیی زووەوە تاوەکو کاتی بانگی ئێوارە بە روویاندا کراوەیە.
سەنتەرەکە باخەوانێکى تایبەت بەخۆی هەیە کە بەردەوام خزمەتی باخچە و گوڵەکان دەکات، ئەنجامی ماندووبوونی ئەو باخچەوانەش لەو وێنانەکانى 964 رەنگی داوەتەوە کە دەبینرێن.
وەک لەم گەلەرییە وێنەیەی خوارەوەدا دەردەکەوێت، بەساڵاچووان و دنیادیدەکانی کۆیە لەو ژینگە جوانەدا دانیشتوون و لەناو بۆن و بەرامەی ئەم باخچەیەدا دەردەدڵ لەگەڵ یەکتر دەکەن، یادگارییەکانیان دەگێڕنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح