لەناو سەوزایی و گوڵزاردا
سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ نووسینگەکەی بردە دەرەوە
وریا فەتاح
لە هەنگاوێکی جیاوازدا و لە بری دانیشتن لە پشت مێز و ناو ژوورە داخراوەکان، سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ لە کەشوهەوایەکی جوانى بەهاری و لەناو بۆن و بەرامەی گوڵ و سەوزاییدا، دەوامی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و پێشوازی لە مامەڵەی هاوڵاتیان کرد.
ئەمڕۆ، ئەندازیار بەختیار ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ، مێزەکەی گواستەوە بۆ ناو باخچەی شارەوانی و لەو ژینگە کراوە و ئارامەدا، کە بە جوانیی بەهار و خونچەی گوڵەکان رازاوەتەوە، راستەوخۆ گوێی لە کێشە و داواکارییەکانی هاوڵاتیان، کەسایەتییەکانی شار و نوێنەری گەڕەکەکان گرت و کارەکانی بۆ راپەڕاندن.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەشی راگەیاندنی شارەوانییەکە، ئامانج لەم کارە تەنیا گۆڕینی شوێنی دانیشتن نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ شکاندنی بەربەستە ئیدارییەکان و زیاتر نزیکبوونەوە لە خەڵک، تاوەکو لە نزیکەوە و بەبێ رۆتینات گوێ لە کێشەکانیان بگیرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم شێوازە کراوەیە لە پێشوازیکردنی هاوڵاتیان، هەم شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی کارەکان نیشان دەدات، هەمیش ئەو کەشە ئارام و سەوزەی باخچەکە هۆکارێکە بۆ رەخساندنی گفتوگۆی هێمن و لێکگەیشتن لە نێوان هاوڵاتیان و بەرپرساندا.
شارەوانی قەڵادزێ لە رێگەی ئەم چالاکییە جیاوازەیەوە پەیامێکی ئاراستەی دانیشتووانی قەزاکە کردووە و رایگەیاندووە: “ئێمە لێرەین بۆ خزمەتکردنی ئێوە، دەرگای شارەوانی و دڵی بەرپرسانمان هەمیشە کراوەیە بۆ بیستنی داواکارییەکانتان”.