دڵنیایى بۆ دڵنیایى

بە 10 هەزار دینار؛ دڵنیایی رووداوی تاکەکەسی بۆ رۆژنامەنووسان دەکرێت

وریا فەتاح

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لەگەڵ کۆمپانیای (دڵنیا بۆ دڵنیایی) رێککەوتنێکی واژۆکرد بۆ دابینکردنی بیمەی رووداوی تاکەکەسی بۆ رۆژنامەنووسان، کە بڕەکەی بۆ هەر ساڵێک تەنیا 10 هەزار دینارە.

بەپێی راگەیەندراوێکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان، پاش گفتوگۆ و لێکگەیشتن، لەگەڵ کۆمپانیاکە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو ئەندامانەی رۆژانە کاری میدیایی دەکەن و رۆژنامەنووسی چالاکن، لە کاتی نوێکردنەوەی پێناسەکانیاندا بۆ ماوەی یەک ساڵ ئەو بیمەیەیان بۆ دەستەبەر دەکرێت، کە 24 کاتژمێری رۆژانە دەگرێتەوە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی کۆمپانیای دڵنیاییەکە بڵاویکردووەتەوە، بڕی قەرەبووەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبن:

مردن بەهۆی رووداو لە کاتی کار، یان کەمئەندامبوونی تەواوەتی هەمیشەیی، بڕی قەرەبووەکەی تا 5,000,000 (پێنج ملیۆن) دینار دەبێت.
قەرەبووی کەمئەندامبوونی نیمچەیی هەمیشەیی، بەپێی رێژەی کەمئەندامبوونەکە دیاری دەکرێت.
بۆ تێچووی چارەسەری پزیشکی بەهۆی رووداوەوە، قەرەبووەکە تاوەکو 500,000 (پێنج سەد هەزار) دینار دەبێت.
بۆ وەرگرتنی قەرەبوو، پێویستە رۆژنامەنووسەکە کارتی چالاکی سەندیکای هەبێت و راپۆرتی پزیشکی پشتڕاستکراوە پێشکەش بکات. مەودای جوگرافی بیمەکەش جگە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، تەواوی جیهان دەگرێتەوە.

لە مەرجەکانی دەرەوەی گرێبەستەکەشدا (واتە ئەو حاڵەتانەی قەرەبوو نایانگرێتەوە) هاتووە کە، مردن بەهۆی نەخۆشی، یان رووداو بەهۆی جەنگ، کردەوەی تیرۆریستی، کێشەی سیاسی و مەدەنی، چەکی ئەتۆمی و کیمیایی، کارەساتی سروشتی و رفاندن، ناگرێتەوە.