لە هەولێر
تاقیگەیەکی دروستکردنی ددان داخرا کە چوار ساڵە مۆڵەتەکەی بەسەرچووە
وریا فەتاح
بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و بەسەرچوونی مۆڵەتەکەی، لە شاری هەولێر تاقیگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی ددانی دەستکرد داخرا.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، تیمی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، هەڵساون بە داخستنی ئەو تاقیگەیە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ئاسایش، هۆکاری داخستنی تاقیگەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماوەی چوار ساڵە مۆڵەتی کارکردنیان بەسەرچووە و نوێیان نەکردووەتەوە، هەروەها پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانیش نەبوون.
سەرەڕای ئەوەش، ئەو کەسانەی لەناو تاقیگەکەدا کاریان کردووە، هیچ مۆڵەتێکی کارکردنیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پێنەدراوە و بۆ ئەو کارە رێگەپێدراو نەبوون.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، داخستنی ئەو شوێنە لەسەر بنەمای زانیاری بووە و سوپاسی هاوڵاتیانیشی کردووە کە هەمیشە هاوکارن لە پێدانی زانیارییەکان پێیان.