نایلۆن بگۆڕدرێت بۆ کاغەز و شووشە

وەزارەتی ناوخۆ کۆمەڵێک بڕیاری ژینگەیی دەرکرد “سووتاندنی پەرێز قەدەغەیە”

فەرهاد حەسەن

لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەك بڕیار و رێکاری نوێی بۆ پاراستنی سروشتی کوردستان دەرکرا، جەخت لە چالاککردنی ئەنجومەنی ژینگە و گۆڕینی نایلۆن بۆ کاغەز، سەپاندنی سزای دارایی تا بڕی هەشی ملیۆن دینار بەسەر سەرپێچیکاران دەکاتەوە، رێگری توندیش لە هەر جۆرە زێدەڕۆییەک دەکات بۆ سەر موڵکی گشتی و دارستانەکان و سوتاندنی پەرێزیشی قەدەغە کرد.

وەزارەتی ناوخۆ بڕیارەکانی داوە، یەکێک لەوانە چالاککردنی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە و گۆڕینی شێوازی بەکارهێنانی رۆژانە لە نایلۆنەوە بۆ کاغەز و شوشە، لەگەڵ نوێکردنەوەی پێکهاتەی لیژنە ژینگەییەکان لە پارێزگا و ئیدارەکاندا راسپاردن کە مانگانە کۆبونەوەی تایبەت ئەنجامبدەن و بەردەوام چاودێری جێبەجێکردنی سیاسەتە ژینگەییەکانی حکومەت بکەن.

سەبارەت بە سزاکانیش، دەسەڵات دراوە بە فەرمانگەکانی ژینگە کە بە هەماهەنگی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، سزای دارایی تا بڕی هەشت ملیۆن دینار بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن، تیمی گەڕۆکی هاوبەش لە شوێنە گەشتیارییەکان پێکدەهێنرێت کە دەسەڵاتی سزادانی راستەوخۆی ئەو کەسانەیان دەبێت کە سروشت پیس دەکەن یان رێنماییەکان دەبەزێنن.

رێکاری توند بۆ رێگری و لابردنی هەر جۆرە زێدەڕۆییەک لەسەر موڵکی دەوڵەت، دارستانەکان و سەرچاوەکانی ئاو دەگیرێتە بەر و لیژنەی لاوەکی لە قائیمقامیەت و ناحیەکان بۆ ئەم مەبەستە پێکدەهێندرێن، هەروەها سوتاندنی پەرێز و پاشماوەی کێڵگەکان دوای دروێنەکردن بە توندی قەدەغە کرا بۆ پاراستنی سامانی سروشتی و ڕێگری لە تەشەنەکردنی ئاگر.