"کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش وەبەرهێنان دەکەن"

بەرگری ئەمریکا رەتیدەکاتەوە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە قەیرانی تەقەمەنیان بۆ دروست بووبێت

فەرهاد حەسەن

وەزیری جەنگی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا بوونی هەر قەیرانێکی تەقەمەنی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە رەتکردەوە و جەختی لەسەر بەردەوامی سەرکەوتنەکان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەک کردەوە، لە کاتێکدا پێنتاگۆن تێچوی شەڕەکەی بە 29 ملیار دۆلار خەمڵاندوە و ئەندامانی کۆنگرێسیش داوای روونکردنەوەی زیاتر و بودجەی نوێ دەکەن بۆ رووبەڕووبونەوەی هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان و بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی سەربازی.

پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە دانیشتنێکی ئەمڕۆی لیژنەی تەرخانکردنی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە کەمیی تەقەمەنی ئەمریکی دەکەن بەهۆی جەنگی ئێرانەوە. ئەو دەڵێت “کێشەی تەقەمەنی بە شێوەیەکی ناژیرانە گەورە کراوە چونکە ئەمریکا ئەوەی پێویستییەتی لەبەردەستی دایە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەستیان بە وەبەرهێنان لەم بوارەدا کردوە و کارگەی نوێ دروستکراون، واتە لە ساڵانی داهاتودا بڕی تەقەمەنییەکان دوو یاخود سێ ئەوەندە زیاد دەکات، ئەمەش بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی لە رێگەی بەرنامەی فرۆشتنی سەربازی دەرەکییەوە.

ئەم قسانەی وەزیری بەرگری لەكاتێكدایە، كە پنتاگۆن خەمڵاندنی نوێی بۆ تێچوی شەڕەکە بڵاوکردەوە کە گەیشتوەتە 29 ملیار دۆلار، کین کالڤێرت، سەرۆکی لیژنەی تەرخانکردنی دارایی، داوای کرد بە زووترین کات داواکاری بودجەی زیادە پێشکەش بە کۆنگرێس بکرێت، چونکە جیهان ئاڵۆزتر بووە و هەڕەشەکانی چین، رووسیا و ئێران بەردەوامن.