سلێمانی
كرێكارێک لە قاتی دەیەمی پڕۆژەیەک كەوت و گیانی سپارد
964+
دیلان محەمەدجەزا
ئەمڕۆ چوارشەممە كرێكارێک لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە سلێمانی، كەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا، سەرچاوەیەكیش دەڵێت، تا ئێستا چەند کرێکارێک لە پڕۆژەكەدا کەوتوون و گیانیان سپاردووە.
كرێكارەكە ناوی داروینە و خەڵكی شارباژێڕە، لەدایكبوونی 1983یە و خێزاندارە، دوای ئەوەی لە قاتی 10ی پڕۆژەكە دەكەوێتە خوارەوە، دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
عوسمان زیندانی سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی لە سلێمانی، بە 964ی راگەیاند، كرێكارەكە دەناسن و پێشتر كاری چالاكوانی و بەرگریكردنی لە مافی كرێكاران كردووە و کەسێکی دڵسۆز بووە.
وتیشی، تا ئێستا چەند كرێكارێک لە پڕۆژەی مایۆركا سیتی كەوتوون و گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش هۆكارەكەی ئەوەیە ئەو پڕۆژەیە پێداویستییەكانی سەلامەتی بۆ كرێكاران دابین ناكەن.
عوسمان زیندانی ئاشكرای كرد، تا ئێستا ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كێشەلەسەرەكان، 51 كرێكار لە كاتی كاركردن گیانیان لەدەستداوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا