کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەم – وێنە؛ ئەرشیف
لە کۆگا دراوە
ئاگرەکەی کۆرمۆر کۆنتڕۆڵکراوە بەڵام کارەبا کەمتر بووەتەوە
ئەحمەد مستەفا
ئاگرەکەی کۆرمۆر لە پاش کاتژمێر 2:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە تەواوی کۆنتڕۆڵکراوە، ئەوەش لەدوای ئەوەی لە پاش کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوەوە، کۆگای بارکردی غاز بە ئامانج گیرا.
ئەو کۆگایە رۆژانە هەزار و 500 تۆن غازی ماڵانی لێ باردەکرێت، لەوێ رۆژانە 172 تانکەری گواستنەوەی غاز کار لەو بەشە کار دەکەن و بەردەوام چوار تانکەر دەچنە بەردەم شەمعەی بارکردن یان لولەی بارکردنی غاز.
دوو سەرچاوەی بەرپرس لە مەلەفی ئەمنی و رێکخستنی هەناردەی غازی کێڵگەکە زانیارییەکانیان بۆ 964 پشتراست کردەوە و دەڵێن، ئەو رێژە سووتانەی غاز کاریگەری تەواوی لەسەر کەمبوونەوە بەرچاوی کارەبا دەبێت.
شەوی رابردوو وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، 2.500 مێگاوات کارەبا لە دەست دەدات، بەڵام بە گوێرەی سۆاغی 964 ئەوە بڕە بۆ نزیکەی 1000 مێگاوات دابەزیوە.
ئەوە جگە لەوەی، میدیای عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناوچەیەکی دەرەوەی دووزخورماتوو کراوە، و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی شوێنی راستەقینەی هێرشەکە و ئەو لایەنەی لە پشتی بووە.