"پاشماوە بەجێبهێڵن سزاتان دەدەین"
لە سەروچاوە هۆشداری دەدرێتە ئەو جوتیارانەی كونجی بەرهەم دەهێنن
فەرهاد حەسەن
شارەوانی شارۆچكەی سەروچاوەی سەر بە ئیدارەی راپەڕین، ساڵانە بە دەست ئەو جوتیارانەی كونجی بەرهەمدەهێنن گیریان خواردوووە، چونكە دەڵێت، پاشماوەكانیان لە شوێنە گشتییەكان بەجێدەهێڵن و ژینگەكە پیس دەكەن، بەڵام ئەمساڵ بۆیان لە كەمین دانیشتوون و شتێكی لەو شێوەیەی پێشوویان لێ ببینن سزایان دەدەن.
هونەر خدر، سەرۆكی شارەوانی سەروچاوە بە 964ـی راگەیاند، ئەمساڵ هۆشداریان بەهەموو ئەو جوتیارانە داوە كە پابەندی رێنماییەكان بن بۆ پاراستن و نەشێواندنی ژینگە، دەنا رادەستی یاسایان دەكەن.
وتیشی “بەشێكی ئەم جوتیارانە یاش ئەوەی بەرهەمەكەیان كۆدەكردەوە، پاشماوەكانیان بەجێدەهێشت یاخود دەیانسووتاند، ئەمەش جگە لە پیسكردنی ژینگە بۆنێكی ناخۆشیشیان بۆ خەڵكەكە بڵاودەكردەوە”.
پێشتر شارەوانی لەڕێگەی مینبەری مزگەوتەکانەوە لەلایەن مامۆستایانی ئاینییەوە ئەو جوتیارانەیان ئاگادار كردووەتەوە كە چۆن بەرهەمەكانیان كۆدەكەنەوە ئەوهاش پاشماوەكانی كۆبكەنەوە، ئەوەش لەپێناو پاکڕاگرتنی شارۆچکەکەیان و لەلایەنی شارەوانیشەوە هۆشداریان پێدراوە كە بەهیچ شێوەیەک شەقام و کۆڵانەکان بەکارنەهێنن بۆ ئەم كارەیان.
هونەر خدر دەڵێت، جوتیارەكان ژمارەیان نزیكەی 30 كەسە بۆ ئەمساڵ رێگای (باخی) یان بۆ دەستنیشان كردوون بۆ ئەوەی ئەم كارەی لێ ئەنجام بدەن، بە پێچەوانەوە تووشی سزایی یاسایی دەبن و ئەوەی سەرپێچی بكات رادەستی داواكاری گشتی دەكرێت.