فەرەنسا
400 كۆچبەر لە مردن رزگار كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئەمڕۆ دووشەممە 29.9 ئاشكرایان كرد، 400 كۆچبەریان لە كەناراوەكانی فەرەنسا لە خنكان رزگار كرد، كە هەوڵیاندەدان بگەنە بەریتانیا.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە “زیاتر لە 220 کەس لە ناوچەکانی بۆلۆن سور مێر و دییەپ و کالێ رزگارکراون”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “سەرەڕای هەوڵەكانی رزگاركردن، بەڵام دوو ژنی سۆماڵی گیانیان لەدەستداوە، پێنج كەسی دیکەش بە سووكی بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەك كۆچبەریش نەخۆش كەوتوون”.
بەریتانیا نزیکەی 15 هەزار كۆچبەری دیپۆرت كردووەتەوە
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 27 كەس بەهۆی هەوڵە سەرنەكەوتووەكانی پەڕینەوە بەرەو بەریتانیا، گیانیان لەدەستداوە.
سەرچاوەكە دەڵێت، دوێنێ یەکشەممە، لانیکەم 176 کۆچبەر رزگارکراون، لەناویاندا ژمارەیەکی زۆر بریندار هەبوون، هەروەها هەرزەکارێک کە لە کەنار دەریایەکدا بە بێهۆشی دۆزرایەوە، گیانی لەدەست دا.
سەرەڕای رێوشوێنە ئەمنییە توندەکان و پاڵپشتی دارایی بەریتانیا بۆ فەرەنسا، هەوڵەكانی گەیشتن بە بەریتانیا لە لایەن كۆچبەرانی وڵاتانی جیاجیاوە بە كوردیشەوە، كەمی نەكردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 32 هەزار کەس بە بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە، ئەمەش بە قسەی فرانس پرێس.
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا رایانگەیاندووە 895 کۆچبەر بە 12 بەلەم گەیشتوونەتە وڵاتەكە، كە بە تێکڕا نزیکەی هەر 75 کەس بەلەمێکیان بەردەكەوێت.