کارمەندەکانیان تێکەڵی بانک و دامەزراوەکانی دیکە دەبن
“هەژماری من” چەند بانكێک لە هەولێر و سلێمانی دادەخات
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
“هەژماری من” چەند بانكێک لە هەولێر و سلێمانی دادەخات و کارمەندەکانیشیان تێکەڵی بانک و دامەزراوەکانی دیکە دەکرێن.
ئارەزوو جەماڵ بەڕێوەبەری بانکی بنەسڵاوە لە هەولێر بە 964ـی وت، لە چوارچێوەی پرۆسەی بە دیجیتاڵكردنی موچە، بانکەکان کەم دەکرێنەوە، بانکەکانی هەولێر کە 19 لقن، کەمکراونەتەوە بۆ نۆ لق”.
“هەندێک لە بانکەکان بەتەواوەتی هەڵوەشاونەتەوە و هەندێکیشیان وەک نووسینەگە ماونەتەوە هەتا ئەو کاتەی کە ژمارەی موچەخۆرەکانیان لادەمێنێتەوە و کارتی هەژماری منیان بۆ دێتەوە، دواتر ئەوانیش دادەخرێن، تەنیا بانكی منارە وەك خۆی بەسەربەخۆیی ماوەتەوە”، ئارەزوو جەمال وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکات پڕۆسەی هەژماری من كۆتایی هات، نووسینگەکانیش نامێنن، بانكێكی نیشتیمانی لەژێر بەڕێوەبەرایەتی هەرێم و سەر بە بانكی فیدڕاڵی دروست دەكرێت و کارمەندی نووسینگەکان تێکەڵی ئەو بانکە دەکرێن.
هەرچی سلێمانیشە، پەیمان فەریق ئەندامی لیژنەی دەمجكردنی بانكەكان و سەرۆكی بانكی پسپۆڕی سلێمانی بە 964ـی وت، “پڕۆسەی یەكخستنی بانكە پسپۆڕییەكان كۆتایی هاتووە و لە پێنج بانكەوە كراون بەیەك بانكی سەرەكی، واتە هەموو بانكەكانی، كشتوكاڵ، نیشتەجێكردن، پیشەسازی و خانوبەرەی یەك و دوو بوون بە بانكی پسپۆڕی سلێمانی”.
دەشڵێت، فەرمانبەرانی بانكەكان بەشێكی ئارەزوومەندانە ماونەتەوە، بەشێكیشیان بەویستی خۆیان گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی زەریبە، گەنجینە و گومرگ، لەناو وەزارەتی دارایی گواستنەوەیان بۆ كراوە و بۆ شوێنەكانی دیكەش بە تەنسیب بۆیان كراوە.
سەبارەت بە بانكە بازرگانییەكانی سلێمانی، لە 16 بانكەوە كەم دەبنەوە بۆ تەنیا سێ بانكی سەرەكی كە هەریەكە لە؛
-بانكی ئەزمەڕ/ ئەزمەر خۆی، ئاڵای هەرێم، توی مەلیك، گۆیژە و بەختیاری لەخۆدەگرێت.
-بانکی بابان / بابان خۆی، باخان، زانكۆ، دوكان و چوارتا لەخۆدەگرێت.
بانکی سلێمانی/ سلێمانی خۆی، ئاشتی، سەروەری یەك و دوو، فڕۆكەخانە و تانجەڕۆ لەخۆدەگرێت.
“لەناو بانكەكاندا تەنیا بانكی مەڵكەندی وەک خۆی دەمێنێتەوە بەكاتی، تا ئەو کاتەی پڕۆسەی هەژماری من كۆتایی دێت”. پەیمان فەریق وای وت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری